رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی هەولێر - کەرکووک، کۆگەیەکی گەورەی سووتەمەنی ئاگری گرتووە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، 20 تیمیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، شەوی چوارشەممە 16-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شوێنەی سووتاوە کۆگەیەکی گەورەی سووتەمەنییە، تەنکەری تێدایە و لەگەڵ کۆگەکەدا ئاگری گرتووە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی بەردەوامیی ئاگرەکەوە تیمەکانیان وەکو پێویست ناتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە. گوتیشی: "ئەوەی دەسووتێ هەموو جۆرەکانی سووتەمەنییە، وەکو تەنەر و نەفتا".
شاخەوان سەعید گوتی: "20 تیممان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام بەهۆی تەقینەوەی لەناکاوی کۆگەکەوە وەکو پێویست ناتوانین کار بکەین، چونکە پاراستنی ژیانی کارمەندەکان لەپێشینەی هەموو رووداوێکەوەیە".
لەبارەی زیانەکانەوە گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت: "زیانی گیانی نییە، ئەوەی هەیە زیانی مادییە و ئاگرەکە بەردەوامە".
بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە و بەردەوامییەوە، تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی و زیانەکانی نازانرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، چوار هەزار و 561 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.


