رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق فەرمانی دا بە خەرجکردنی بەشێکی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران لە پێنج پارێزگای عێراق. بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانەوە لە کەرکووک، بەشی زۆری پڕۆژەکان راگیراون.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، رۆژی 17ـی حوزەیرانی 2026، فەرمانی دا بە خەرجکردنی بڕێکی شایستە داراییەکانی بەڵێندەرانی پارێزگاکانی بەسرە، دیوانییە، نەجەف، بابل و مەیسان.
عەلی فاخیر سنافی، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق، رۆژی شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پەیڕەوکردنی میکانیزمی خەرجکردنی پارە بە شێوەی بەش بەش و رێکخراو، یارمەتیدەر دەبێت لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی شایستە داراییەکان و سەقامگیریی کاری کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتیش بەهێزتر دەکات."
سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق گوتی، دوایین بڕە پارە کە وەریان گرت 940 ملیار دینار بوو کە لە سەردەمی کابینەی سوودانیدا بوو، بەڵام ئەو بڕە هەموو پارێزگاکانی نەگرتەوە و تەنیا نزیکەی 2.5٪ـی کۆی ئەو پارەیەیە لای حکومەت ماوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد:" عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی داوە بڕی یەک ترلیۆن دینار لە شایستە دواکەوتووەکان وەک پێشینەی یەکەم خەرج بکرێ".
نەوزاد ئەنوەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەو پارەیەی بۆ کەرکووک خەرج کرا لە سەردەمی سوودانی، تەنیا 50 ملیار دینار بوو، هێندە کەم بوو روومان نەهات باسی بکەین. ئێستا زیاتر لە 450 پڕۆژە لە کەرکووک بەهۆی خەرجنەکردنی شایستەکانەوە راگیراون و هیچ پڕۆژەیەک کار ناکات."
هاوکات لقی ئەنباری یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا سەرسوڕمانی خۆیان نیشان دا لەوەی "سندووقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان" پشتگوێ خراوە و دەڵێ: "زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هیچ بودجەیەکی راستەقینە بۆ پێدانی شایستەکانی بەڵێندەرانی ئەو سندووقە دابین نەکراوە، لە کاتێکدا پارە بۆ وەزارەت و پارێزگاکانی دیکە خەرج کراوە."
بەڵێندەرانی ئەنبار داوا لە وەزارەتی دارایی دەکەن بەپەلە دەستوەردان بکات بۆ خەرجکردنی شایستەکانیان، وەک دادپەروەرییەک بۆ ئەو کۆمپانیایانەی پابەندییەکانیان جێبەجێ کردووە.



