رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەپێچەوانەی تێڕوانینەکان تەنیا نزیکەی 15٪ی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبووندایە و زۆرینەی وەبەرهێنانەکە لە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردایە. دەشڵێت: "لەسەر دواکەوتنی پڕۆژەکان چەندین مۆڵەتمان هەڵوەشاندووەتەوە."
د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات کردووەتەوە. گوتیشی: "خەڵک چونکە باڵەخانە و خانووی زۆر دەبینێت، وادەزانێت تەنیا وەبەرهێنان لە خانووبەرەداکراوە، بەڵام 83٪ بۆ 85٪ی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی دیکەدا کراوە."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرۆکوەزیران گۆڕینی کەلوپەلی نێو سوپەرمارکێتەکان بووە بۆ "دروستکراوی کوردستان" و ئێستا ئەو هەنگاوە لە زۆر کەرتدا "سەرکەوتوو بووە".
محەممەد شوکری نموونەی بە کەرتی پیشەسازیی بیناسازی و خۆراک هێنایەوە و گوتی: "ئێستا لە بناخەی خانووەوە تاوەکو تەواوبوونی، کەلوپەلی خۆماڵی بەردەستە. لە بواری شیرەمەنیشدا بەرهەمی کوالێتی بەرزمان هەیە. هەروەها لە بەرهەمهێنانی ئارد گەیشتووینەتە خۆبژێوی و رۆژانە دوو ملیۆن و 200 هەزار تۆن ئاردی سفر بەرهەم دەهێنین و هەناردەشی دەکەین."
لە کەرتی کشتوکاڵیشدا، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمی پەتاتە لە 25 هەزار تۆنەوە لە ساڵی 2018، ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک کە هەناردە دەکرێت.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی دەستەکە، د. محەممەد شوکری رایگەیاند، بۆ نەهێشتنی رۆتین ژمارەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانیان لە 2 بۆ 8 زیاد کردووە و ئێستا لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتیان هەیە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رەتیکردەوە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ناوچەکاندا بکرێت و گوتی: "سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە کە ئەگەر جارێک خزمەتی زاخۆتان کرد، دەبێت دوو جار خزمەتی گەرمیان بکەن. بە تەحەداوە دەڵێم، هیچ گلەییەک لەسەر دادپەروەریی دابەشکردنی پڕۆژەکان نییە."
د. محەممەد شوکری دانی بەوەدا نا کە هەندێک پڕۆژەی نیشتەجێبوون دواکەوتوون، بەڵام هۆکارەکەی بۆ قەیرانی دارایی، شەڕی داعش و کۆرۆنا گەڕاندەوە کە کاریگەرییان لەسەر داهاتی هاووڵاتییان هەبووە و نەیانتوانیوە قیستەکانیان بدەن، ئەمەش پڕۆژەکانی خاو کردووەتەوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختی کردەوە کە حکومەت لە بەرامبەر کەمتەرخەمیی وەبەرهێنەران بێدەنگ نەبووە و گوتی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پڕۆژە وەستاوەکان، مۆڵەتی دەیان پڕۆژەمان هەڵوەشاندووەتەوە و داومانن بە وەبەرهێنەری دیکە بۆ ئەوەی تەواو بکرێن."


.jpg&w=3840&q=75)