رووداو دیجیتاڵ
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم بەشداربووانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی (کۆیە ستی) دەکات زانیارییەکانیان تۆمار بکەن بە مەبەستی پاراستنی مافەکانیان لە پرۆژەکەدا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئامادەکاری دەکرێت کارەکانی پرۆژەکە رادەستی وەبەرهێنەری سێیەم بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگاداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکەنەوە کە لە پڕۆژەی کۆیە ستی خانوویان تۆمار کردووە، لە پێناو پاراستنی مافەکانیان پێویستە لە رێی فۆرمێکی تایبەتەوە زانیارییەکانی خۆیان تۆمار بکەن.
بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەی وەبەرهێنان، دوا مۆڵەت بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە رۆژی 20-9-2026ـە، باسی ئەوەشکراوە کە پێویستە فۆڕمەکە بە وردی و تەنیا لەسەر بنەمای گرێبەست و پسوولە فەرمییەکان پڕ بکرێتەوە، هاوکات داوا لە بەشداربووان کراوە خۆیان لە دووبارە تۆمارکردنی زانیارییەکان بپارێزن.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێ، تۆمارکردنی زانیاری لەم فۆرمەدا تەنیا بۆ کۆکردنەوەی داتایە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی خاوەندارێتی یان هیچ مافێکی یاسایی لە پرۆژەکە دانانرێت، بەڵکو دوای راگەیێندراوەکانی داهاتوو، زانیارییە تۆمارکراوەکان لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشداربوواندا وردبینییان بۆ دەکرێت.
پرۆژەی نیشتەجێبوونی کۆیە ستی ماوەیەکی زۆرە کێشەی تێکەوتووە و کارەکانی راگیراون؛ دوای ئەوەی وەبەرهێنەری یەکەمی پرۆژەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و وەبەرهێنەری دووەمیش کۆچی دواییکرد، ئێستا لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئامادەکاری دەکرێت تاوەکو پرۆژەکە بدرێتە وەبەرهێنەری سێیەم، بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی کارەکان و گەڕاندنەوەی مافی بەشداربووان.


