رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەشێک لە قوتابییانی پۆلی 12 و مامۆستایان گلەییان لە قورسیی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی زمانی عەرەبی کرد، بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گۆڕینی شێوازی پرسیارەکان بۆ ئەوە بووە کە قوتابییان پشت بە زانیارییەکانی نێو پڕۆگرامی خوێندن ببەستن، نەک ئەو کورتکراوانەی تەنیا بۆ ناسینەوەی وەڵام بەکاردەهێنرێن.
نوورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، میوانی بووڵتەنی کاژێر 8:00 رووداو بوو. هەڵسەنگاندنی بۆ گلەیی بەشێک لە قوتابییان و مامۆستایان کرد لەبارەی قورسیی پرسیارەکانی زمانی عەرەبی.
نوورەدین عوسمان رایگەیاند، "پرسیارەکان لەلایەن لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان و بە کۆمەڵێک پێوەر ئامادە دەکرێن، پرسیاری زۆر ئاسان، مامناوەند و هەندێک پرسیاری زۆر قورسیشی تێدایە، ئەمەش بۆ جیاکردنەوەی ئاستی زیرەکیی قوتابییانە."
سەبارەت بە پرسیارەکانی زمانی عەرەبی، نوورەدین عوسمان گوتی، "گوێم لە رای بەشێک لە مامۆستایانی پسپۆڕی زمانی عەرەبی گرتووە، زۆربەیان دەڵێن قورس بوو. قورسبوون جیاوازە لەوەی بڵێیت هەڵەی تێدایە یان لە دەرەوەی پڕۆگرامی خوێندنە."
بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکان هۆکاری ئەو تێبینییانەی لەسەر پرسیارەکانی عەرەبی هەبوون بۆ دوو خاڵ گەڕاندەوە و گوتی، "یەکەمیان، هەژمارکردنی نمرەی زمانی کوردی و عەرەبییە بۆ کێبڕکێی وەرگیران لە زانکۆ و پەیمانگەکان. دووەم، پرسیارەکانی ئەم ساڵ 100٪ پابەندی پڕۆگرامی خوێندن بوون و شێوازی دانانیان جیاواز بوو لە ساڵانی رابردوو."
نوورەدین عوسمان، ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵانی رابردوودا بەشێک لە مامۆستایان پڕۆگرامی خوێندنیان بۆ قوتابییان کورتکردووەتەوە بۆ 10-15 لاپەڕە و قوتابییان تەنیا فێری ئەوە کراون کە چۆن وەڵامەکان لەنێو پرسیارەکاندا بە مەلزەمە بناسنەوە، نەک ئەوەی زانیاریی وەربگرن. ئەو گوتی، "وەزارەتی پەروەردە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، تاکە رێگەی گۆڕینی شێوازی پرسیارەکان بوو. ئەمەش خۆی لەخۆیدا لێدانێکی گەورە بوو لەو مەلزەمانەی کە بەشێک لە مامۆستایان کاریان لەسەر دەکرد."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا قوتابییان تووشی شۆک نەبوون، نوورەدین عوسمان رایگەیاند، "پرسیارەکان لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خوێندندان. هەندێک مامۆستا پەیوەندییان پێوەکردم و دەستخۆشییان لێکردم و گوتیان ئەمە رێگەی راستە."
بۆ سەلماندنی ئەوەی کە پرسیارەکان زۆر قورس نەبوون، نوورەدین عوسمان ئاماری خستەڕوو و گوتی، "بەپێی داتاکان، دەیان قوتابی 100 نمرەیان لە تاقیکردنەوەی عەرەبیدا بەدەستهێناوە و ژمارەیەکی زۆریش سەرووی 90 نمرەیان هێناوە. ئەگەر پرسیارەکان لای قوتابی قورس نەبێت، بۆچی لای هەندێک مامۆستا قورسە؟"
سەبارەت بەو گلەییەی لەسەر پرسیارەکانی بابەتی زیندەزانی هەبوو، نوورەدین عوسمان رایگەیاند، "لە بابەتی زیندەزانی تێبینی هەبوو. دوای قسەکردن لەگەڵ مامۆستایانی پسپۆڕ، بە ئاگاداریی وەزیری پەروەردە لیژنەیەکمان پێکهێنا. دەرکەوت دوو پرسیار راوبۆچوونی جیاوازیان لەسەر بوو. بۆیە ئەنجامی یەکێک لە پرسیارەکانمان بۆ هەموو قوتابییان بە راست هەژمار کرد و بۆ پرسیارەکەی دیکەشمان دوو وەڵاممان پەسند کرد."
بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکان جەختی لەوە کردەوە، "بەهیچ شێوەیەک ناهێڵین مافی قوتابییان بفەوتێت و ئێمە داکۆکیکاری مافەکانیان دەبین."


