رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەشێک لە قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادەیی و هەندێک لە مامۆستایان گلەییان لە قورسیی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی زمانی عەرەبی کرد و رایانگەیاند، هەڵەی تێدابووە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "یەک وشە و یەک پیت لە دەرەوەی پرۆگرام نەهاتووەتەوە."
رۆژی چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی زمانی عەرەبیدا کرد. دوای تاقیکردنەوەکە، ژمارەیەک قوتابی نیگەرانیی خۆیان لە ئاستی پرسیارەکان دەربڕی و رایانگەیاند، هەندێک پرسیار "زۆر قورس بوون و لە دەرەوەی پرۆگرامی خوێندن بوون."
رۆژی پێنجشەممە 25-6-2026 نوورەدین عوسمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "حەزدەکەم قوتابییان و مامۆستایان دڵنیا بکەمەوە تاکە سەرچاوەی پرسیارەکان، پرۆگرامی خوێندنی فەرمییە، نەک ئەو مەلزەمانەی لە بازاڕدان."
بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکان گوتی: "تاقیکردنەوەی زمانی عەرەبی 100% لە چوارچێوەی پرۆگرامەکانی خوێندندا بووە" و گوتیشی: "هەر مامۆستایەکی پسپۆڕ پێیوایە پرسیارێک هەڵەیە یان لە دەرەوەی پرۆگرامە، با بێتە لای ئێمە و دابنیشین و روونکردنەوەی پێ بدەین."
سەبارەت بە گلەیی قوتابییەک لەبارەی هەڵەیەک لە بەیتێکی شیعردا، نوورەدین عوسمان روونیکردەوە: "ئەوەی کە نووسراوە بەیتی یەکەمە یان چوارەم، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر وەڵامی پرسیارەکە نییە. با لە بەیتی یەکەم یان سێیەمیشدا بووایە، وەڵامەکە هەر هەمان شتە."
یەکێکی دیکە لە رەخنەکان لەسەر پرسیارەکان ئەوە بوو کە لە ئاستی قوتابیدا نەبوون، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکان گوتی، ئامانج لە دانانی پرسیاری لەو شێوەیە، دەرخستنی جیاوازیی ئاستی قوتابییانە؛ ئەو پرسیاری کرد: "ئەگەر هەموو پرسیارەکان ئاسان بن، چۆن قوتابی زیرەک لەوانی دیکە جیا دەکرێتەوە؟"
نوورەدین عوسمان، ئاماژەی بەوەش کرد، شێوازی دانانی پرسیارەکانی ئەم ساڵ جیاواز بووە "بۆ ئەوەی مامۆستایان ناچار بکەین پابەندی پرۆگرامی خوێندن بن، نەک ئەو مەلزەمەیەی ساڵانە وەک بازرگانییەک بە قوتابیانی دەفرۆشن."
رەخنەی لەو مامۆستایانە گرت کە لە سۆشیال میدیا باسیان لە قورسیی پرسیارەکان کردبوو و رایگەیاند: "راستە، پرسیارەکان لە ئاستی مەلزەمەکانی ئەو مامۆستایانەدا نەبوون، بەڵام لە چوارچێوەی پرۆگرامی خوێندندا بوون. ئەگەر مامۆستا پشتی بە مەلزەمەیەکی دیاریکراو بەستبێت، ئەوە تاوانی مامۆستاکەیە، نەک قوتابی و وەزارەت."
وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە کە شیکردنەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە سۆشیال میدیا رێگەپێدراو نییە و هەر مامۆستایەک سەرنجی هەبێت، دەتوانێت وەک راپۆرتێک پێشکێشی بکات. نوورەدین عوسمان دڵنیایی دا کە "هەر شتێک لە بەرژەوەندیی قوتابیان بێت، ئێمە ئەوە دەکەین."


