رووداو دیجیتاڵ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی ئەوە دەکرێت، ڤیزەی تورکیا بۆ دانیشتووانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە 3 هەزار دۆلار بە "گەرەنتی" وەردەگیرێت. سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەڵێت: "پێدانی ڤیزە ئاسایی بووەتەوە و هیچ کەس پارەی زیاد نەدات".
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێدانی ڤیزەی تورکیا بەتایبەت بۆ دانیشتووانی سلێمانی و دەوروبەری تەواو ئاسایی بووەتەوە، ئێستا 80 بۆ 90%ی ئەوانەی داوای ڤیزەی تورکیا دەکەن ڤیزەیان پێدەدرێت".
سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە سلێمانی گوتیشی: "کۆمەڵێک کەس داوای 3 هەزار دۆلار دەکەن بۆ وەرگرتنی ڤیزە، ئەمە نە پەیوەندی بە کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە و نە کۆنسووڵخانەی تورکیا هەیە، بەڵکو پەیوەندی بە باندەکانەوە هەیە و خەڵک دەخەڵەتێنن، داواکارین هیچ کەسێک پارەی زیادە نەدات و بە شێوەیەکی یاسایی داوای ڤیزەی تورکیا بکات وەری دەگرێت".
بە گوتەی عەتا ئەنوەر، ڤیزەی یەکجار چوون بۆ تورکیا 135 دۆلارە، دوو جار چوون لە شەش مانگدا 155 دۆلارە و بۆ یەک ساڵیش (مەڵتی) 175 دۆلارە.
سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، مانگی داهاتوو هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێرلاینز گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێدەکاتەوە، هەروەها گەشتی پێگاسۆس و ئەی جێت بەردەوامە، "ئەمە نیشانەی هاتووچۆی زۆر و پێدانی ڤیزەیە بۆ دانیشتووانی سلێمانی".
بۆ وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا، هاوشێوەی وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتانی شنگن (یەکێتیی ئەورووپا) هەر کەس داواکاری پێشکێش بکات، دەبێت پشتگیریی کار و بڕی مووچە و پاسپۆرت و بەڵگەنامە عێراقییەکانی پێ بێت. لە سەرەتای ساڵی 2025 تورکیا پێدانی ڤیزەی بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی قورس کردبوو.
عەتا ئەنوەر گوتی: "ئێستا کەسێک داوای ڤیزەی تورکیا بکات ئەگەر بۆ گەشتیاری بێت، دەبێت تیکتی فڕۆکە و پسووڵەی هۆتێل گرتنی پێ بێت، هەروەها پشتگیریی کاری هەبێت، ئەگەر ئۆتۆمبێلی بە ناوەوە بێت پشتیوانی باشترە، هەروەها هەژماری بانکیی مەرج نییە، بەڵام هەبوونی باشترە لەگەڵ خۆی بیبات".
ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا دەکەن دەڵێن، ئەو پاسپۆرتانەی قەدەخەی گەشتی تورکیایان لەسەرە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ڤیزەیان بۆ وەردەگرن، بەڵام سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "ئەوانەی قەدەخەی گەشتیان لەسەرە ماوەکەی دیارە بۆ شەش مانگ یان ساڵێک یان زیاترە، دەبێت چاوەڕێ بکەن تاوەکو کاتەکە تەواو دەبێت و دواتر داواکاریی ڤیزە پێشکێش بکەن بە هەمان بڕی پارەی یاسایی ڤیزەیان پێدەدرێت و پێویست ناکات پارەی زیادە بدەن".
عەتا ئەنوەر ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا نۆرەگرتنی پێشوەختە پێویستە و بە ئۆنڵاین وەردەگیرێت، ئەگەر کەسەکە خۆی نەتوانێت نۆرەی چاوپێکەوتن بگرێت، کۆمپانیا گەشتیارییەکان بێ بەرامبەر یان بەرامبەر 10 هەزار دینار کاتی نۆرەیان بۆ وەردەگرن.



