رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری هونەرمەند نووری گەرمیانی دەڵێت، داوایان کردووە دادوەر بە دانانی دەستەبەر (کەفالەت) ئەو گۆرانیبێژە میللییە ئازاد بکرێت، بەڵام دادوەر رەتی کردووەتەوە.
ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژکار و پارێزەری نووری گەرمیانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ داوای ئازادکردنی هونەرمەند نووری گەرمیانیمان خستە بەردەم دادوەری دۆسیەکە بە کەفالەت، بەڵام دادوەر رەتی کردەوە ئازادی بکات".
14ی ئەم مانگە، گۆرانیبێژی میللی نووری گەرمیانی لە شاری هەولێر دەستگیر کرا، دوای دەستگیرکردنەکەی بەرپرسێکی باڵا بە رووداوی گوت: "نووری گەرمیانی بە فەرمانی دادوەر و بەگوێرەی یاسا دەستگیر کراوە بە مادەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن".
ئاسۆ هاشم دەڵێت: "دادوەر گوتی، دۆسیەکە نهێنییە و ئازادکردنی رەتکردەوە و دوای خست بۆ رۆژی یەکشەممە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نووری گەرمیانی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر کراوە و لە زیندانی پۆلیس راگیراوە.
نوورەدین عوسمان، ناسراو بە نووری گەرمیانی لە ساڵی 1969 لە شاری کەرکووک لەدایک بووە، تاوەکو پۆلی 6ی سەرەتایی خوێندووە، لە ساڵی 1984 یەکەم کلیپی گۆرانی و لە ساڵی 1989شدا یەکەم ئەلبوومی بڵاو کردووەتەوە، کارمەندی بەشی توێژینەوەی گۆرانی و میوزیکە لە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری میوزیک لە هەولێر.
نووری گەرمیانی، لە ساڵی 2021 وەکو ئەندامی مەڵبەندی سێی یەکێتی و راوێژکاری هونەریی مەڵبەندەکە دەستبەکاربووە.



