رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە دەربەندی شەقڵاوە دەڵێت، خانووەکەی لەلایەن لیژنەی ئەمنییەوە تێکدراوە، سەرۆکی شارەوانیی قەزاکەش رایدەگەیێنێت خانووەکە زێدەڕۆ بووە و رێکارەکان بەپێی بڕیاری دادگە جێبەجێکراون.
نەبەز ئیسماعیل، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شەقڵاوەیە و پێشمەرگەیە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "زەوییەکە موڵکی خۆمانە و نزیکەی 20 ساڵ پێش ئێستا کڕیومانە؛ لە ساڵانی 2021 و 2022 دەستم بە دروستکردنی خانووەکە کرد و تاوەکو ئاستی سەقف بردم، بەڵام بەهۆی هەژاری و نەبوونییەوە نەمتوانی تەواوی بکەم."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد پێشتر ئاگادارکردنەوەی پێنەگەیشتووە و گوتی: "من باوکی چوار منداڵم کە یەکێکیان ئیفلیجیی مێشکی هەیە و لە دۆخێکی دارایی زۆر سەختدا دەژین؛ سەرەڕای تێکدانی خانووەکەم، لەسەر ئەم کەیسە دوو مانگ و 15 رۆژیش زیندانی کرام."
شارەوانی: زێدەڕۆیی بووە و دادگە بڕیاری لەسەر داوە
لە بەرامبەردا، رێکان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە، هۆکاری تێکدانی خانووەکەی بۆ رووداو روونکردەوە و گوتی: "شوێنەکە دەکەوێتە سنووری ماستەرپلانی شارەوانی و خانووەکە بەشێوەی زێدەڕۆیی دروستکرابوو. سەرجەم رێکارەکان بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی جێبەجێکراون."
سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە راشیگەیاند، دۆسیەکە ئاراستەی دادگە کرابوو و رووخاندنەکەش بە فەرمان و بڕیاری فەرمیی دادوەر بووە.


