رووداو دیجیتاڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە لە قەڵادزێ هێرش دەکرێتە سەر کارمەندێکی هاتووچۆ و دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتووەتەوە. بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رووداوەکە پەیوەندی بە سەرپێچییەکی یاسایی و گرژیی نێوان کارمەندانی دوو دەزگای ئەمنییەوە هەبووە. رۆژی چوارشەممە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (هۆندا ئەڤانتی) بێ سەرەتا، کە پێنج سەرنشینی تێدابووە، لە ترافیک لایتی ناو شاری قەڵادزێ سەرپێچی دەکات و بە گڵۆپی سووردا تێدەپەڕێت. کارمەندێکی هاتووچۆ کە لەوێ لە ئەرکدا بووە، بە مۆبایلەکەی وێنەی سەرپێچییەکە دەگرێت بەمەبەستی تۆمارکردنی. دوای وێنەگرتنی سەرپێچییەکە، سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە دادەبەزن و خۆیان وەک کارمەندی "ئاسایشی راپەڕین" دەناسێنن. بەهۆی ئەمەوە مشتومڕ و گرژی لەنێوان هەردوولا دروست دەبێت، کە دواتر دەگۆڕێت بۆ پەلاماردانی جەستەیی. لە ئەنجامی گرژییەکەدا، سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە دەمانچە و مۆبایلی کارمەندەکەی هاتووچۆیان وەرگرتووە. تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندی بەو کارمەندەی هاتووچۆوە کرد کە پەلامار دراوە، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێکی رۆژنامەوانی بدات و تەنیا بە کورتی گوتی: "هەڵەتێگەیشتنێک هەبووە و نامەوێت لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەم." لەلایەکی دیکەوە، عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین بە رووداوی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئاگاداری وردەکاریی ئەو رووداوە نین، بەڵام دەستمان بە بەدواداچوونی ورد کردووە بۆ راستی و دروستیی بابەتەکە."
هەواڵە ناوخۆییەکان25-06-2026پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی گومانلێکراوی رووداوێکی کوشتنی گەڕەکی پەنجا عەلی رادەگەیێنێت