رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی فڕێدانی زبڵ و خاشاک بۆ نێو ئاوی تاڤگەی بێخاڵ، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر شوێنێکی گەشتیارییان داخست و رێکاری یاساییان بەرامبەر خاوەنەکەی گرتەبەر. داخستنی شوێنەکە دوای ئەوە هات کە گەشتیارێکی بیانی دیمەنی سەرپێچییەکەی تۆمار کردبوو.
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا دەردەکەوێ خاوەن فرۆشگەیەک لە هاوینەهەواری بێخاڵ زبڵ و خاشاک فڕێدەداتە نێو ئاوی تاڤگەکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران دەستی بە رێکاری یاسایی کرد.
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "کاتێک خاوەن پرۆژەیەک خۆی ببێتە هۆکار بۆ پیسکردنی ژینگە، لێپێچینەوەکان زۆر توند دەبن. بۆ ئەم دۆخە، شوێنەکە داخراوە و سکاڵاشمان لە دادگا لەسەر خاوەنەکەی تۆمار کردووە".
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ کەس لە سەرووی یاسا و رێنماییەکان نییە و بەگوێرەی جۆری سەرپێچییەکە، رێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگیرێتەبەر.
هاوینەهەواری بێخاڵ، کە بە تاڤگە بەرزەکەی و ئاوە روون و بەخوڕەکەی ناسراوە، ساڵانە سەرنجی دەیان هەزار گەشتیار بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رادەکێشێت. بەڵام ئێستا لەپاڵ ئەو جوانییەدا، کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە دەروازەی هاوینەهەوارەکە بووەتە دیمەنێکی نەخوازراو.
خاوەن فرۆشگاکانی ناوچەکە باس لە نەبوونی شوێنی تایبەت بە کۆکردنەوەی زبڵ دەکەن. مەولان ساڵح، خاوەن فرۆشگایەک لە بێخاڵ دەڵێت: "شەرم دەکەین کە دەبینین زبڵ لەسەر جادەکە فڕێدراوە، بەڵام هیچ شوێنێکمان نییە بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک؛ ناچارین لێرە دایبنێین".
کارۆخ محەممەد، هاونیشتمانییەک کە سەردانی بێخاڵی کردووە، دەڵێت، شتێکی زۆر ناشیرینە لە شوێنێکی وا گەشتیاریدا زبڵ فڕێ بدرێت. هەر کەسێک بێتە ئێرە، یەکەم شت ئەو زبڵ و خاشاکە دەبینێت.
چەند هەفتەیەکە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ژینگە و گەشتوگوزار چاودێرییەکانیان چڕتر کردووەتەوە و سزای سەرپێچیکارانیان تووند کردووە، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەکان و رێگریکردن لە شێواندنی سیمای سروشتیی کوردستان.