رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان روونکردنەوە لەسەر دۆخی گەنجێکی بێ ماڵ و حاڵ دەدات کە لە ماوەی رابردوودا دەنگدانەوەی هەبوو؛ رایدەگەیێنن کە سەرەڕای دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان، گەنجەکە حەزی بە نیشتەجێبوون نییە و ژیانی سەر شەقامی هەڵبژاردووە.
ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"لە رۆژی 15-5-2026، پاش ئاگاداربوونمان لە دۆخی لاوێکی بێ ماڵ و حاڵ بە ناوی (ا.س)، دەستبەجێ لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری گشتی، بە هاوکاریی نوێنەری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بەدواداچوونمان بۆ کەیسەکە کرد تاوەکو ژیانێکی شایستەی بۆ دابین بکەین."
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای دابینکردنی شوێنی گونجاو، خواردن و پێداویستیی رۆژانە، توێژەری کۆمەڵایەتیشیان بۆ پشتیوانیی دەروونی بۆ تەرخان کردووە، تەنانەت لەرێگەی چەند خێرخوازێکەوە کارێکی گونجاویشیان بۆ دۆزیوەتەوە کە لەگەڵ توانای جەستەیی و باری دەروونیدا بگونجێت.
ژیلوان عادل وتیشی: "بەداخەوە ناوبراو بەبێ هیچ ئاگادارییەک شوێنی مانەوەکەی بەجێهێشتووە؛ دوای چەند رۆژێک گەڕان و دۆزینەوەی لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، خۆی پێی راگەیاندین کە ژیانی سەر شەقام هەڵدەبژێرێت و نایەوێت لە هیچ شوێنێک نیشتەجێ ببێت."
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پەیوەندی بە کەسوکاری گەنجەکەوە کراوە و ئەوانیش روونیان کردووەتەوە کە ناوبراو نایەوێت لە هیچ شوێنێک سەقامگیر ببێت و پێشتریش چەندین جار لە شارەکانی دیکە بە هەمان شێوە شوێنەکانی بەجێهێشتووە.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی گەرمیان داوا لە رۆژنامەنووسان و میدیاکان دەکات لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەیسە کۆمەڵایەتییەکاندا، پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک، زانیاری لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەربگرن بۆ دڵنیابوون لە راستی و دروستیی بابەتەکە و پاراستنی شکۆی هاونیشتمانیان.



