رووداو دیجیتاڵ
دوای هەڤپەیڤینێکی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە تێیدا رایگەیاند قوتابییان لە جۆری جلوبەرگ و بەتایبەتی باڵاپۆشی دا ئازادن، پەروەردەی گشتیی شارەکان ئاگاداری قوتابخانەکانیان کردووەتەوە کە پابەندی ئەو بڕیارە بن.
وەزارەتی پەروەردە چەندین ساڵە سیستەمی یەکپۆشی لە ناوەندە حکومییەکانی خوێندن دا پەیڕەو دەکات. بەپێی بڕیارەکە، تەنیا رەنگی جلوبەرگ مەرجە نەوەک جۆرەکەی، بەڵام پێشتر ژمارەیەک قوتابخانە قوتابییانیان لە پۆشینی جلوبەرگ دا سنووردار کردبوو، بۆ نموونە قەدەخەکردنی پانتۆڵ بۆ کچان، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی لێکەوتبووەوە.
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بە رووداوی راگەیاند: "هەر قوتابخانەیەک پابەند نەبێ بە سیستەمی نوێی یەکپۆشی و قوتابییان سنووردار بکات، رووبەڕووی سزادەبێتەوە."
لەم بارەیەوە، هەریەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی پەروەردەی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: "بڕیارەکە وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، هەر قوتابخانەیەک پابەند نەبێت یاخود قوتابییان سنووردار بکات، رووبەڕووی لێپێچینەوە و سزا دەبێتەوە، داوا لە سەرجەم قوتابییان یان دایک و باوکانیان دەکەین لە هەبوونی هەر سەرپێچییەک دا ئاگادارمان بکەنەوە."
سازگار فاخیر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی فیدراڵی کچان لە چۆمان، ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر داوایان کردبوو تەنیا تەنوورە رێگەپێدراوە، و دەڵێت: "دوای قسەکانی جەنابی وەزیر لەگەڵ رووداو، قوتابییانمان سەرپشک کردووە بە لەبەرکردنی پانتۆڵ یان تەنوورە."
بڕیارە وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێک بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان دەربکات بۆ بنبڕکردنی هەر لادانێک و پابەندکردنیان بە ئازادکردنی قوتابییان لە پۆشینی جلوبەرگ دا.
سیستەمی یەکپۆشی بەپێی قۆناخەکان بۆ وەرزی نوێی خوێندن بەم شێوەیەیە:
باخچەی منداڵان: تیشێرتی پرتەقاڵی و پانتۆڵی نیلی (بۆ کچ و کوڕ).
قۆناخی بنەڕەتی (1 تاوەکو 6): تیشێرتی ماڕۆنی، لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی بۆ کچ، بۆ کوڕیش تیشێرتی ماڕۆنی، لەگەڵ پانتۆڵی نیلی.
قۆناخی بنەڕەتی (7، 8 و 9): تیشێرتی نیلی، لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی رەساسی بۆ کچ و کوڕ.
قۆناخی ئامادەیی (10، 11 و 12): تیشێرتی رەساسی، لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی رەش بۆ کچ و کوڕ



