رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، دوو کەس لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر لە ئاودا خنکان. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر دەڵێ، تەرمی یەکێکیان ئەمڕۆ دۆزرایەوە.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمرۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای دوو رۆژ لە گەڕان، ئەمڕۆ تەرمی هاووڵاتییەک لەلایەن تیمی ژێرئاوی قەزای خەباتەوە دۆزرایەوە".
ئەو دوو کەسەی هەینی خنکابوون ئامۆزی یەکدی بوون و ناویان ئیسماعیل رەعد مەحموود، لەدایکبووی ساڵی 2000 و ئەیوب تارق مەحموود، لەدایکبووی ساڵی 2008 بوو.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی تەرمی دۆزراوەتەوە ئیسماعیل رەعد مەحموودە.
هەردوو گەنجەکە دانیشتووی گەڕەکی سەرکارێز بوون لە شاری هەولێر، تاوەکو ئێستا تەرمی ئەیوب تارق مەحموود نەدۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر 20 کەس لە ئاودا خنکاون و لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 کەس لە ئاودا خنکاون.



