رووداو دیجیتاڵ ئەو سێ کیلۆمەترە رێگە لاوەکییەی قەزایی خەلیفان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە پارێزگای هەولێر دەبەستێتەوە، تێکچووە. شۆفێران بە دەست چاڵ و چۆڵی رێگاکان بێزار بوونە و دەڵێن مانگانە سەرباری خەرجییەکانیان دەبێت بڕە پارەیەک بۆ تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان دابین بکەن. بارانی زۆری ئەمساڵ و هاتووچۆی زۆری بارهەڵگرەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی رێگەکەن. جەعفەر مەلەکی، کە شوفێرە بە رووداوی گوت: "ئەگەر بمانەوێت لە تاسەیەک لابدەین سێ تاسەی دیکەمان دێنە پێش و ناچارین لە دووانی بدەین، وامان لێهاتووە دەبێت مانگانە لیستێک بکەین بۆ تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانمان". جگە لەو رێگەیە، رێگەکانی سۆران بۆ سیدەکان، چۆمان، مێرگەسۆر و رواندز، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی سۆران بە رووداوی راگەیاند: "چاکنەکردنەوەی رێگاکان بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەیە کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی دروستکردووە" خوسرەت سادق، لەسەر نۆژەنکردنەوەی رێگەکان دەڵێت: "ئێمە ئەو بەشانەی کە بتوانین چاکی بکەین چاکی دەکەینەوە و ئەوانی دیکە دەرخستەمان بۆ ئامادەکردووە و رەزامەندیمان وەرگرتووە بەتایبەت بۆ رێگە سەرەکیەکان، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایییەوە نەتواندراوە بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە." بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و چاککردنی رێگەوبانی سۆران، لەو سنوورە نزیکەی 1000 کیلۆمەتر رێگەی قیر هەیە، هێندەش رێگەی خۆڵ و چەوڕێژ، کە تەمەنی زۆربەیان نزیکەی نیو سەدەیە.
هەواڵە ناوخۆییەکان23-09-2026پۆلیسی سلێمانی: سێ رۆژە تەرمی کەسێک لە کەلاوەیەکی گەڕەکی سەرچنار دۆزراوەتەوە
هەواڵە ناوخۆییەکان23-09-2026فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی: نووسراومان بۆ راگرتنی گەشتی ئێران بۆ نەهاتووە
هەواڵە ناوخۆییەکان22-09-2026دەوامی کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردستان لە سلێمانی دەکرێتە دوو دەوامی؛ "بە راوێژ لەگەڵ وەزارەت بووە"