رووداو وەرزی دروێنە لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەستپێکردووە و جووتیاران بە بەرهەمی بە بڕشتی ئەم ساڵیان دڵخۆشن. هەر جووتیارێک ئەگەر یەک تۆن گەنمی چاندبێت 20 بۆ 30ـی تۆنی هەڵگرتووەتەوە، بەڵام جووتیاران نیگەرانن لە وەرگرتن و ساخکردنەوەی رەنجی ئەم ساڵیان. جووتیارێک: جووتیارانی قەرەهەنجیرن زیان لێکەوتووترینن لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم دەیان جووتیاری سنوورەکە لە بەردەم سایلۆی کەرکووک گردبوونەوە. هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک، کە رووماڵی گردبوونەوەکەی کرد رایگەیاند: جووتیارانی کورد و تورکمان ناڕازین لە پلانی حکومەت کە زۆرینەی بەرهەمەکانیان بەبێ پلانی کشتوکاڵی مەزندە دەکات و هەر تۆنێک 200 هەزار دینار کەمتر لە نرخی گەنمی نێو پلانی کشتوکاڵی وەردەگرێت. محەممەد ئیسماعیل، جووتیارێکی سنووری سەرگەڕانە و دەڵێت:" زەوییەکانمان کوژێندراوەتەوە، بڕیاری 29 لەساڵی 2012 دەرچووە، بەڵام حکومەت جێبەجێی نەکردووە" عەبدوڵڵا محەممەد، جووتیاری گوندی تۆپزاوایە و بە رووداوی گوت: " پێمگوتن ئێوەش وەک سەدام بەپێی هەمان بڕیارەکان کار دەکەن و زەوییەکانمان داگیر دەکەن" ئەمڕۆ دووشەممە 1ی حوزەیران، یەکەم رۆژی بەبازاڕکردنی گەنم بوو لە پاریزگای کەرکووک. بەپێی پلانی فەرمانگەی کشتوکاڵ 420 هەزار دۆنم زەوی لە نێو پلانی کشتوکاڵین و زیاتر لە 500 هەزار دۆنمیش لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین. بەشێکی زۆری گەنمی جووتیارانی کورد و تورکمان لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیدان، بە پاساوی ئەوەی زەوییەکانیان بەهۆی بڕیارەکانی پێشووی رژێمی عێراقەوە کێشەیان لەسەرە، لە کاتێکدا بڕیارەکان هەڵوەشێندراونەتەوە. لەوانەش بە بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری دەسەڵاتی پێشووی حیزبی بەعس، هەڵوەشێندراونەتەوە، کە تایبەتن بە گرێبەستی کشتوکاڵیی کورد و تورکمان لە ناوچە کوردستانییەکان. جگە لەوەش یاسای ژمارە 3 ساڵی 2025 لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو، کە تایبەتە بە گەڕانەوەی ئەو زەویوزارانەی بەگوێرەی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی پێشووی عێراق، لە کورد و تورکمان داگیرکرابوون. عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارەکانی سەردەمی رژێمی پێشوو هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام ئەو بڕیار و یاسایانەی کە بڕیارەکانیان پێ هەڵوەشاوەتەوە، ئەم ساڵ نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە." حکومەتی عێراق لە تەواوی پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی زیاتر لە 5 ملیۆن تۆن گەنم دەکات. حەیدەر نووری، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵەی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران 400 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت 292 هەزار تۆن لەچوارچێوەی پلان دەبێت و نرخی 700 هەزار دینارە بۆ تۆنێک و 108 هەزار تۆنیش لەدەرەوەی پلان بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێت" بڕی بەرهەمهێنانی گەنم بۆ هەر دۆنمێک لە زەویی بەراو 900 کیلۆیە و بۆ زەوی دێمیش 700 کیلۆ