رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەرزبووەتەوە. کەشناسی دەڵێ، سبەی نزیکەی دوو پلە دادەبەزێ. دوو کەشناسیش پێشبینی دەکەن، کۆتایی ئەم مانگە پلەی گەرما زیاتر دابەزێ و ئیدی گەرمای ئەم وەرزەی هاوین کۆتایی بێ.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ جگە لە دەڤەری گەرمیان، لە ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی دادەبەزێ و سبەی "نزیک دەبێتەوە" لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
دکتۆر لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ 24ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەم مانگە، پێشبینی دەکرێ پلەی گەرما نزیکەی پێنج پلەی سیلیزی دابەزێ و پێناچێت گەرمای وەک ئێستا لەم وەرزەدا دووبارە ببێتەوە".
ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینی دەکات: "لەم چەند رۆژەدا بای رۆژئاوا چالاک بێت و ئەگەر هەیە بەو هۆیەوە کەمێک تۆز دروست بێت. لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما لە کۆتایی ئەم مانگە، پێشبینی دەکرێ تۆز و خۆڵەکەش زیاتر بکات".
شاڵاو هیدایەت، شارەزایەکی دیکەی کەشناسییە و ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ئەم چەند رۆژە کاتییە و لە سبەیەوە جگە لە بەشێکی گەرمیان، لە ناوچەکانی دیکە پلەی گەرما بە رێژەی جیاواز دادەبەزێ".
شاڵاو هیدایەت پێشبینی کرد: "لە کۆتایی ئەم مانگەوە بەهۆی کاریگەری بارستە هەوایەکی فێنک بۆ سەرجەم ناوچەکانمان پلەی گەرما بە رێژەی بەرچاو دابەزێ لە سەرجەم ناوچەکان. پێشبینیمان وایە چی دیکە بەرزبوونەوەی گەرمای بەتین روونەداتەوە، چونکە لە کۆتایی مانگ بەولاوە نزمەپەستانی گەرمی وەرزیی زەریای هیندی قۆناخ بە قۆناخ لەسەر ناوچەکانمان دەکشێتەوە، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ شەپۆلەکانی گەرمای هاوین".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 42 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 41 پلەی سیلیزی
دهۆک: 41 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 43 پلەی سیلیزی
پیرمام: 39 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 41 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 43 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 43 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 47 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 35 پلەی سیلیزی



