رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە داوا لەو کەسانە دەکات کە بەرکەوتەی کیمیایین و مووچەیان نییە کە لە 10 رۆژدا سەردانیان بکەن. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، بۆ وەگرتنی مووچە تۆماریان دەکەن.
راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "ئاگاداری ئەو کەسانە دەکەین کە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین و مووچەی بەرکەوتەیان نییە، لە 10 رۆژدا سەردانمان بکەن و فۆرمی تایبەت بە بەرکەوتەی چەکی کیمیایی پڕبکەنەوە".
کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە هەزار کەس هەن لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی کیمیایی لە هەڵەبجە چارەسەر وەردەگرن و مووچەیان نییە. فۆرمەکە بۆ ئەوەیە بەرزی بکەینەوە بۆ سەرووی خۆمان بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ دابینبکرێ".
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە دەڵێ: "ئێمە بەرکەوتەی کیمیاییمان تەنیا لە هەڵەبجە نییە، بەڵکو لە بالیسان، سێوسێنان و گۆپتەپەش هاونیشتمانی هەن کە تەمەنێکی زۆریان بەڕێکردووە بەبێ ئەوەی مووچەیان هەبێ. دەمانەوێ ناوەکانیان بەرزبکەینەوە بۆ وەزارەتی خۆمان، پاشان وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی لیژنەی پسپۆڕ پێکبهێنێت و ئاستی بەرکەوتەییان دیاری بکات و بەگوێرەی ئەوە مووچەیان بۆ دابینبکرێ".
ئەوانەی مووچەیان نییە و بەرکەوتەی چەکی کیمیایین، لە ئەمڕۆ 24ـی ئابەوە تاوەکو 3-9-2026 دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بکەن، کە باڵەخانەکەیان لەنێو مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەدایە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "تکایە هەرکەس بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە و مووچەی نییە، یان کەسێک دەناسێت بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە ئاگاداری بکاتەوە بۆ ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی هەڵەبجە بکات بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە، تاوەکو کەس مافی نەفەوتێت".
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیێندراوێکدا چوار خاڵی بڵاوکردووەتەوە و ئەمانەن:
- دەبێت کەسەکە یان کەسی یەکەمی فۆرمەکە وەرگرێ و پڕی بکاتەوە.
- ئەو کەسەی فۆرمەکە وەردەگرێ، کارتی نیشتمانی لەگەڵ خۆی بهێنێت.
- هەر کەسێک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بێت و مووچەی نەبێت، دەتوانێت فۆرمەکە پڕبکاتەوە.
- ئەمە دوایین دەرفەتە، هەرکەس لەو ماوەیەدا سەردان نەکات و فۆرم پڕنەکاتەوە مافی دەفەوتێت، چونکە ئەو لیژنە پزیشکییەی دروستکراوە بۆ پشکنینی بەرکەوتووان دوایین لیژنە دەبێت.


