رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێ، گواستنەوەی فۆرمی خۆراک لەنێوان پارێزگاکان کراوەتەوە و هەرکەس بیەوێ دەتوانێت بیگوازێتەوە. هەمان بەڕێوەبەرایەتی لە هەڵەبجە داوا لەو خێزانانە دەکات پسوولەیان گواستووەتەوە، کارتی سووتەمەنی دەربهێنن.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ راگرتن، گواستنەوەی فۆرمی خۆراک لەنێوان شارەکان کراوەتەوە. سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جگە لە ناوچە دابڕاوەکان، گواستنەوەی فۆرمی خۆراک لەنێوان چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و گواستنەوە بە ئاسانی دەکرێ".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراک لە هەولێر گوتی: "گواستنەوەی فۆرمی خۆراک لەنێوان پارێزگاکان لە ئەپلیکەیشنی مۆبایلەوە دەکرێ، بەڵام دەبێ بزانی بۆ کام بریکاری دەگوازیتەوە و ژمارە و کۆدی بریکارەکەت لابێ، هەروەها فۆرم بگوازیتەوە هەر شوێنێک، دەبێت کارتی زانیاریت ئەو شوێنە بێ".
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراک لە هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو خێزانانەی فۆرمی خۆراکیان گواستووەتەوە بۆ هەڵەبجە لە پارێزگاکانی دیکەوە، ئێستا دەتوانن وێنەی لاپەڕەی سەرەکی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان بگرن و پێشکێشی فەرمانگەکەمان بکەن بۆ دەرهێنانی کارتی زیرەکی نەوت".
ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسەی فۆرمی خۆراکی گواستووەتەوە سنوورەکەیان و کارتی سووتەمەنی پێشتر لە شوێنێکی دیکە وەرگرتووە، دەبێ ئەو کارتە بگێڕێتەوە بۆ شوێنەکەی پێشووی.


