رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، 7 نانەواخانە دەرگەیان داخستووە و بەهۆیەوە قەیرانی نان لە ناحیەکە دروستبووە. خاوەن نانەواخانەکان هۆکارەکەی بۆ کەمیی پشکی گاز دەگەڕێننەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئیدارەی ناحیەکە دەڵێن، "ئامانجی نانەواخانەکان گرانکردنی نانە" و 24 کاژێر مۆڵەتیان دەدەنێ بۆ کردنەوەی نانەواخانەکانیان.
لە کۆی هەشت نانەواخانەی خورماڵ، حەوت نانەواخانەیان داخراون و تەنیا یەک نانەواخانە بەردەوامە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نان لە بازاڕەکاندا دەست نەکەوێت و هاونیشتمانییان و خاوەن چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکان ناچار بن جۆرێکی نانی ئێرانی بەکاربهێنن.
سالار حوسێن، نوێنەری نانەواخانەکانی خورماڵ، بە رووداوی راگەیاند، کێشەی سەرەکیی ئەوان دابیننەکردنی پشکی پێویستی گازی شلە و دەڵێت: "کاتێک قەیرانی گاز هەموو کوردستانی گرتەوە، ئێمەش بەناچاری 6 نانمان کرد بە هەزار دینار. دواتر لەگەڵ بەرپرسانی ناحیە رێککەوتین کە ئەوان گازمان بۆ دابین بکەن و ئێمەش نرخ ئاسایی بکەینەوە و 8 نان بدەین بە هەزار، بەڵام بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکرد."
بە گوتەی سالار حوسێن، پشکی گازی رۆژانەیان لە چوار بوتڵەوە بۆ دوو بوتڵ کەمکراوەتەوە و تەنانەت هەندێک نانەواخانە لە ماوەی مانگێکدا تەنیا هەشت بوتڵ گازیان وەرگرتووە. گوتیشی، "ئێمە داوای گرانکردنی نان ناکەین، تەنیا داوای رۆژانە 4 بوتڵ گاز دەکەین. ئەم ئێوارەیە گازمان بۆ دابین بکەن، ئێمە کاژێر 2ی بەیانی نانی گەرم بۆ خەڵک ئامادە دەکەین."
نوێنەری نانەواخانەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی وەرزی هاوین و هاتنی گەشتیارێکی زۆر بۆ ناوچەکە، خواستی زیاتر لەسەر نان دروست بووە و پێویستییان بە گازی زیاترە.
بەرپرسانی ئیداریی خورماڵ، تۆمەتەکانی خاوەن نانەواخانەکان رەتدەکەنەوە و پێیانوایە ئامانجی سەرەکیی ئەوان بەرزکردنەوەی نرخی نانە.
کاروان خورماڵی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنیی ناحیەی خورماڵ، بە رووداوی راگەیاند، "ئەوان یەک مەبەستیان هەیە، ئەویش ئەوەیە 6 نان بکەنە هەزار دینار. ئێمە بەپێی خشتە، هەفتانە لەنێوان 9 بۆ 25 بوتڵ گازمان بۆ داناون و لە کاتی قەیرانیشدا نانەواخانەکانمان لەپێشتر دانابوو بۆ ئەوەی دانەخرێن."
کاروان خورماڵی هەڕەشەی تووند لە نانەواخانەکان دەکات و دەڵێت، "هیچ بیانوویەکیان نەماوە. 24 کاژێرمان بۆ داناون، ئەگەر نەیکەنەوە، سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەین و دۆسیەکەیان دەدەینە داواکاریی گشتی."
فەرەیدوون مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ، بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە کە بڕی گازی دابینکراو بۆ نانەواخانەکان هەمان ئەو بڕەیە کە چەند ساڵە پێیان دەدرێت و لە بەرامبەردا 8 نانیان بە هەزار دینار فرۆشتووە. فەرەیدوون مەحموود گوتی: "ناتوانین پشکی گازی نانەواخانەکان زیاد بکەین، چونکە دەبێتە بارگرانی لەسەر پشکی هاووڵاتییان و پیشەکانی دیکە وەکو چێشتخانەکان. قەیرانی گاز هێشتا بەتەواوی چارەسەر نەکراوە."
لەنێوان ناکۆکیی نانەواخانەکان و بەرپرسانی ئیداریدا، هاونیشتمانییانی خورماڵ باجەکەیان داوە و لە چاوەڕوانی چارەسەرێکدان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نانی گەرم لەسەر سفرەکانیان ببیننەوە.
