رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو مانگی شەش کارەبای شەقڵاوە، مەخموور و ئیدارەی گەرمیان بکرێتە 24 کاژێری، بەڵام نەکرا. بەرپرسانی پەیوەندیدار دەڵێن، دۆخی جەنگ لە ناوچەکە هۆکاری دواخستنی پڕۆژەکە بووە و لە شەقڵاوە و مەخموور "لەم رۆژانە"دا کارەبا دەبێتە 24 کاژێری و لە گەرمیانیش ئامادەکارییەکان تەواو کراون.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن بۆ گەیاندنی کارەبای 24 کاژێری بە شەقڵاوە و مەخموور لەلایەن تیمەکانەوە بەردەوامە. لە سنوورەکەمان تەنیا ئەو دوو قەزایە ماوە کارەبایان بکرێتە 24 کاژێری".
لەبارەی کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە ئومێد خۆشناو گوتی: "لەم چەند رۆژەدا تەواو دەبێت و کارەبایان دەبێتە 24 کاژێری".
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە 23ی نیسانی 2026 رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا کارەبای 24 کاژێری بۆ تەواوی شارەکانی زاخۆ، سۆران، رانیە، پیرمام، ئاکرێ، سێمێل و کۆیە دابینکراوە.
یەکێکی دیکە لەو ناوچانەی کارەبای نەکراوەتە 24 کاژێری، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە، کە قەزاکانی کەلار، کفری و رزگاری و ناحیەکانی سنوورەکەیە.
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرەتا لەلایەن وەزارەتی کارەباوە ئاگادارکرانەوە کە مانگی شەش کارەبای رووناکی دەگاتە سنوورەکەیان، بەڵام لەو کاتەدا جێبەجێ نەکرا.
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان گوتی: "هەموو ئامادەکارییەک بۆ کارەبای 24 کاژێری لە رووی تەکنیکی و لۆجیستییەوە تەواو بووە؛ ئەوەی ماوە بڕیاری وەزارەتی کارەبایە، ئەوان بیخەنە جێبەجێکردنەوە لای ئێمەوە هیچ گرفتێک نییە".
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، کارەبای 24 کاژێری گەیێندراوەتە نزیکەی 5 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی، کە دەکاتە زیاتر لە 85%ی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.


.jpg&w=3840&q=75)