رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەڵێ، پەیکەری پردی حەمرین 100% سەلامەتە و پردەکەش لەبەر سەلامەتیی هاووڵاتییان داخراوە.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 30ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەیکەری سەرەکیی پردی حەمرین لەڕووی بیناسازییەوە 100% سەلامەتە و هۆکاری داخستنیشی بۆ داخورانی لێوارە خۆڵییەکەی دەگەڕێتەوە."
پردی حەمرین بە درێژترین پردی عێراق دادەنرێ کە درێژییەکەی 7750 مەترە، لە ساڵی 2022 دەست بە دروستکردنی کرا و تێچووەکەی گەیشتە 62 ملیار و 600 ملیۆن دینار. بە گوتەی نەبیل سەفار، "پەیکەری سەرەکیی پردەکە و کۆڵەکە کۆنکرێتییەکانی لەڕووی ئەندازیارییەوە سەلامەتن و هیچ کێشەیەکیان نییە."
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق گوتی، "داخورانەکە تەنیا لە لایەکانی پردەکە روویداوە کە خۆڵە، هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی حەمرینە کە کاریگەری لەسەر ئەو بەشانە هەبووە هێشتا بە تەواوی رووپۆش نەکراون."
کارەکانی پردەکە تەواو نەبوون، بەڵام بەهۆی خراپی و تێکچوونی رێگە کۆنەکەوە لە مانگی نیسانی رابردووەوە بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە.
نەبیل سەفار ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا 89%ی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بوون و کردنەوەی پێشووتریشی بۆ مەبەستێکی کاتی بووە."
بە قسەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، فەرمان بە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و پردەکانی دیالە کراوە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگار، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و پۆلیس، پردەکە بەڕووی هاتووچۆدا دابخەن تاوەکو کارە تەکنیکییەکان و رووپۆشکردنی لایەکانی پردەکە بە تەواوی کۆتایی دێت و چاککردنەوەشی دەستیپێکردووە.
داخرانی پردەکە کێشەیەکی گەورەی بۆ هاتووچۆ دروست کردووە، بە جۆرێک شۆفێران ئێستا ناچارن رێگەی جێگرەوەی (ئیمام وەیس) لە خانەقینەوە بەکاربهێنن بۆ چوون بەرەو سەنتەری دیالە و بەپێچەوانەشەوە.
