رووداو - دیجیتاڵ
رۆژانە لە سۆشیاڵ میدیا باس و خواستی دیاریکردنی کاتی
کارکردنی سەرتاشخانەکان گەرمە؛ بەشێک لە سەرتاشەکان داوا دەکەن کارکردنیان تا
کاژێر 8ی شەو سنووردار بکرێت و بە بڕیارێکی فەرمی دابخرێن، بەڵام بەشێکی دیکەیان
داوا دەکەن کراوە بن و رەخنە لەم جۆرە پێشنیازانە دەگرن.
رەوشی کارکردنی سەرتاشەکان و ماندووبوونی بەردەوامیان
وایکردووە، نزیکەی 50 سەرتاش لە ناحیەی شاوێس واژۆ کۆبکەنەوە تاوەکو پێشکەشی
پارێزگا و قایمقامیەتی بستیەنن بە مەبەستی ڕێکخستنی کاتی کارکردنیان.
کارزان شێخە، کە 17 ساڵە سەرتاشە، باسی لە بارودۆخی سەختی
کارەکەی کرد و وتى: "کاژێر 9ی بەیانی دێم و تا 12ی شەو لێرەم. بە هۆی
کارکردنی زۆرەوە ژیانمان نەماوە بۆ ماڵ و منداڵمان و تووشی فەقەرات بووین."
لە لایەکی ترەوە، هەرێز عەبدوڵا، کە 8 ساڵە لەم پیشەیەیە،
ئاماژەی بەوە کرد کە بە تێپەڕبوونی کات مرۆڤ درک بە ماندووبوونی خۆی دەکات و
پێویستی بە پشوو هەیە.
لە بەدواداچوونێکدا لە شاری هەولێر، بەشێکی زۆری سەرتاشەکان
هاوڕان لەسەر ئەوەی بەیانیان زوو بێن و ئێواران زوو کارەکانیان تەواو بکەن، بەڵام
جیاوازییش لە نێوانیان هەست پێدەکرێت.
محەممەد حەسەن، کە 11 ساڵە سەرتاشە، دژی دیاریکردنی
کاتەکەیە و دهڵێت: "شەوانی هەولێر جیاوازە لەگەڵ قەزا و ناحییەکان. ناکرێت
تۆ لەسەر بەرژەوەندی خۆت بڕیار لەسەر ژیانی کەسێکی دیکە بدەیت."
ئەمە لە کاتێکدایە مانی تەحسین، کە سەرتاشێکی دیکەیە،
پاڵپشتی بڕیارەکە دەکات و پێیوایە داخرانیان لە کاژێر 8ی شەو، جگە لە پشوودان،
دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلیش لە شارەکەدا.
رۆژانە لە چەند قەزا و ناحیەیەکی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە
سەرتاشخانەکان لە دوای کاژێر 8ی شەوەوە دەرگاکانیان دادەخەن و کار ناکەن.
.png&w=3840&q=75)
