رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرووپە چەکدارەکان بە ئاستەنگ لەبەردەم هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ عێراق دادەنێ.
شیروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی: "عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە بوونی گرووپە چەکدارەکان رێگرێکی سەرەکییە لەبەردەم گەشەی ئابووری".
"زەیدی بە ئاشکرا بە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی گوتووە کۆمپانیا گەورە بیانییەکان بەهۆی گرووپە چەکدارەکانەوە نایەنە عێراق، بۆیە سوورە لەسەر بڕیارەکەی بۆ وەرگرتنی چەکی ئەو گرووپانە،"
شیروان دووبەردانی وای گوت.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، چەکدانانی ئەو گرووپانە تاوەکو 30ی ئەیلوول کارێکی ئاسان نییە، چونکە ئامادە نین چەک دابنێن و ئاماژەی بەوەشکرد: "چەکی گرووپە چەکدارەکان لە چەکی دەوڵەتی عێراق بەهێزترە."
لەبارەی کاریگەرییە هەرێمییەکان، دووبەردانی گوتی: "بیستوومانە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، داوای لە گرووپە چەکدارەکان کردووە چەکەکانیان دانەنێن بە پاساوی ئەوەی ئێران ئێستا لە جەنگدایە؛" ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش خۆیان لە دەرەوەی دەوڵەت هێزیان هەیە و تەنانەت "زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانیش سەر بە گرووپە چەکدارەکانن."
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا شیروان دووبەردانی باسی لەوەکرد کە وەک پاڵپشتییەک بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هێرشە درۆنییەکان، هەوڵیان داوە پەرلەمانی عیراق کۆبوونەوەیەکی خۆی لە هەولێر بکات و گوتی: "داوامان کردووە پەرلەمانی عێراق لە هەولێر کۆببێتەوە. زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەم هەنگاوەدان و پەرلەمانتارانی یەکێتی و یەکگرتووش واژۆیان کردووە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، ئەگەر 110 پەرلەمانتار واژۆ بکەن، پەرلەمان دەتوانێت لە هەولێر کۆببێتەوە و ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆکانن تاوەکو بە فەرمی داواکارییەکە ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن.
داواکاریی حیزبوڵڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە
رۆژی سێشەممە (18/8/2026) کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کە وابەستەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و چەند مەرجێکی بۆ رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت دانا. لە یەکێک لە مەرجەکاندا باس لەوە دەکات کە پێویستە هێزی پێشمەرگەش هەڵبووەشێتەوە. لەو بارەیەوە شیروان دووبەردانی گوتی: "ئەو داواکارییەی گرووپە چەکدارەکان هیچ بەها و هێزێکی یاسایی نییە، چونکە پێشمەرگە هێزێکی یاسایی و دەستوورییە و بەشێکە لە پەیکەری بەرگریی عێراق".
شیروان دووبەردانی رایگەیاند: "گرووپە چەکدارەکان بەردەوام باسی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام گوتەکانیان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە هیچ بەهایەکی نییە و هیچکات ئەوە روونادات".
بڕیارە رۆژی 30 ئەیلوول دوا وادەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بێت لە عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئەو وادەیەی دەستنیشانکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێک لەو گرووپانە رادەستکردنی چەکەکانیان رەتکردووەتەوە.
