رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزاى خورماتوو، دوو دۆنم دەخڵی گەنمی دوو جووتیاری کورد دەسووتێنرێت. بەگوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەو ئاگرە بە "ئەنقەست" لەو دەخڵە بەردراوە.
ئاگرەکە رۆژی پێنجشەممە، 28ی ئایاری 2026، لە دەخڵێکی نێوان هەردوو گوندی لیفتاغا و عەرەب ئاغا بووە لە خورماتوو.
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو گوندە لە سنووری داودەیە و تاوەکو ئاگرەکە کوژێنراوەتەوە، دوو دۆنم خەلە سووتاوە، دواتر بەرگریی شارستانی و دانیشتووانی ئەو دوو گوندە ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە".
بڕیارە لە یەکى حوزەیرانی 2026ـەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای سەلاحەدین بکرێت، کە خورماتوو لە رووی کارگێڕییەوە سەر بەو پارێزگایەیە.
یاسین داودی رایگەیاند، بەگوێرەی ئەوە زانیارییانەى لە خەڵکی ناوچەکەی وەرگرتووە، ئەو ئاگرە بە ئەنقەست و شقارتە کراوەتەوە.