رووداو دیجیتاڵ
کۆچبەرێکی کوردی خەڵکی کەرکووک و تاقانەی پێنج خوشک، دوای چوونی بۆ ئەورووپا، 27 ساڵە پەیوەندی بە کەسوکارییەوە نەماوە. خێزانەکەی داوای هاوکاریی دەکەن و دەڵێن خۆیان توانای هیچیان نییە.
ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، وڵاتانی ئەورووپا سۆراخی کەسێک ناکەن تەمەنی یاسایی تەواو کردبێ، "مەگەر کەسەکە تاوانێکی کردبێ".
فاخیر محەممەد ئەحمەد، دانیشتووی کەرکووکە و لەکاتی دەسەڵاتی پێشووی عێراقدا، کاتێک بەگوێرەی یاسای ئەوکاتە ناچار دەرکرێ بچێتە سەربازی، لە کەرکووک هەڵدێ و ساڵی 1998 کوردستان بەرەو ئەورووپا جێدەهێڵێت.
فاخیر ساڵی 1971 لەدایکبووە، ساڵی 1998 توانیویەتی خۆی بگەیێنیتە سویسرا. خوشکێکی دەڵێت، دوای ئەوەی وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی پێ نادرێ، براکەی دەچێتە ئەڵمانیا، دوای ساڵێکیش لە ئەڵمانیاوە خۆی گەیاندووەتە فەرەنسا و هەوڵی چوونی بۆ بەریتانیا داوە و لەو کاتەوە پەیوەندی بە کەسەوە نەکردووە.
سارا محەممەد خوشکی فاخیرە و دەڵێ، دوایین جار لەگەڵ براکەی ساڵی 1999 بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، کە گوتوویەتی لە سویسرایە، دواتر ساڵی 2000 هاوڕێیەکی پەیوەندی پێوە کردوون و گوتوویەتی فاخر لە ئەڵمانیاوە "گەیشتووەتە فەرەنسا بۆ ئەوەی بچێتە بەریتانیا".
سارا داوای لە بەرپرسانی باڵای حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، لە رێگەی پەیوەندییەکانیانەوە لە ئەورووپا هەوڵ بۆ زانینی چارەنووسی برا تاقانەکەی بدەن.
سارا محەممەد گوتی: "فاخیر لە سویسرا جگە لە تەلەفۆن نامەشی بۆ دەناردین و باری دارایی زۆر باشبوو، لەوێ داوای کرد ناسنامەیەکی ساختەی بۆ دەربێنن بەناوی عەلی، [بەشێکی کورد لە دەرەوە هەمان کاریان بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە کردووە] ناسنامەکەمان بۆ دەرهێنا لە رەگەزنامەی کەرکووک و بۆمان نارد، ئیدی سۆراخی نەما".
سارا محەممەد وەکو خۆی باسی دەکات، باوکی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە. ئاماژەی بەوەشکرد: "دۆخی دارایی و گوزەرانمان هی ئەوە نییە پارێزەر بگرین لە ئەڵمانیا یان بەریتانیا و سۆراخی فاخیر بکەن، بۆیە پێویستمان بە هاوکارییە".
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژینەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەورووپا هیچ زیندانییەک ناشارێتەوە و خۆی پارێزەری بۆ دەگرێ و دەڵێ پەیوەندی بە خانەوادەتەوە بکە، بۆیە ئەگەری زیندانیکردنی نییە بۆ ئەو ماوە درێژە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر ئەو کەسە بەهۆکارێک یادەوەری لەدەستنەدابێ و کەس نەناسێتەوە، یان خۆی بیەوێ کەسوکاری نەیبنێ، ئەوە دەتوانێ پەیوەندی بکات و ناچێتە چوارچێوەی ونبوونەوە.
موسەنا ئەمین گوتی، وڵاتانی ئەورووپا وەڵامی هیچ نووسراوێک نادەنەوە کە بڵێی کەسێک ونبووە، لەکاتێکدا تەمەنی یاسایی خۆی تێپەڕاندبێ. ئاماژەی بەوەشکرد: "تەنیا کاتێک سۆراخی کەسێک دەکەن لەسەر نووسراوەکان، کە کەسەکە تاوانێکی کردبێ و بە بەڵگە بیسەلمێنی تاوانبارە ئەوکاتە هاوکار دەبن بۆ دۆزینەوەی".
