رووداو دیجیتاڵ
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، گەڕاندنەوەی زیاتر لە 350 کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستانی لە ماوەی 2 ساڵدا رایدەگەیێنێت. ئەم کۆچبەرانە دوای ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی چووبوونە نێو خاکی لیبیا، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەڕێنراونەتەوە.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا 352 کۆچبەر گەڕێنراونەتەوە کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و بە نایاسایی چووبوونە نێو خاکی لیبیا."
سەحاف ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی هەفتەیەکە هەوڵەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لیبیا چڕ کردووەتەوە بۆ بەدواداچوون و زانینی چارەنووسی ژمارەیەکی دیکە لەو کۆچبەرانەی لەو وڵاتەن. باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس ئێستا خەریکی وردبینی و بەدواداچوونە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بۆ دیاریکردنی شوێن و چارەنووسی ئەوانی دیکە.
بە گوتەی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق، تیمەکانیان لە زیندانەکاندا بەردەوام سەردانی کۆچبەرانیان کردووە و هاوکاریی مرۆیی و پزیشکییان پێشکەش کردوون. سەحاف گوتی: "ئەم گەنجانە کەوتبوونە داوی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە." هەروەها ئاشکرای کرد کە حکومەتی عێراق 2 فڕۆکەی سەربازیی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە رەوانەی لیبیا کردووە.
سەحاف دووپاتی کردەوە کە لەمبارەیەوە هاوئاهەنگیــیەکی پتەویان لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. ناوبراو هۆشداریی دایە خێزانەکان کە ئاگاداری منداڵەکانیان بن تاوەکو نەکەونە داوی گرووپەکانی قاچاخچێتی و ئەو رێگە نایاساییانەی کە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم گەنجانە دەیانویست رێگەی لیبیا بەکاربهێنن تاوەکو بگەنە وڵاتانی ئەورووپایی، بەڵام چیدیکە نابێت بێدەنگی بەرامبەر ئەم مەترسییانە بکرێت.
