رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی سیستەمی ئەسیکۆدا دەچێتە بەغدا.
رۆژی شەممە، 4ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سبەی شاندێکی باڵای حکومەت بچینە بەغدا و لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا گفتوگۆ بکەن."
ئەسیکۆدا سیستمێکە بۆ بەستنەوەی دەروازەکان و سنوور و کاروباری گومرگ. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق سەبارەت بەو سیستمە دەکرێت.
شاندەکە پێکهاتووە لە: ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و کەمال رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان.
رۆژی 17ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سیستەمی ئەسیکۆداوە بە رووداوی گوت: "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان پێویستە ئێمە رەزامەندییمان دەربڕیوە و رازیش بووین بەوەی کە سیستمەکە لە هەرێمی کوردستاندا جێگیر بکرێت، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دەبێت بە رێگەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت، ئەمە کاتی دەوێت."




.jpg&w=3840&q=75)