رووداو دیجیتاڵ
کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی و گرانیی نرخی سووتەمەنی، کەرتی گەشتیاریی لە پارێزگای دهۆک رووبەڕووی قەیرانێکی جیددی کردووەتەوە. خاوەن هۆتێلەکان دەڵێن، خەرجیی دابینکردنی کارەبا هێندە زۆرە، زۆرجار داهاتی مانگانەیان تێچووی گازوایل و موەلیدە داناپۆشێت.
هۆتێلێکی گەورە لە دهۆک کە 120 ژووری هەیە، نموونەی ئەو شوێنە گەشتیارییانەیە بەدەست بێکارەباییەوە دەناڵێنێت. سەرەڕای ئەوەی هۆتێلەکە سیستەمی وزەی خۆری بە توانای 500 ئەمپێر جێگیر کردووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە کێشەی کارەباکەی چارەسەر بکات و ناچارە پەنا بۆ موەلیدەی گەورە ببات.
حاجی یووسف کۆچەر، خاوەنی هۆتێلەکە، نائومێدیی خۆی لە دۆخەکە ناشارێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر لەبەر خاتری هاوڕێ و کڕیار و شەریکەکانمان نەبووایە، هۆتێلەکەمان دادەخست، چونکە بۆ ئێمە داخستنی سوودی زیاترە لە کردنەوەی."
ئەو خاوەن هۆتێلە ئاماژە بە تێچووە خەیاڵییەکان دەکات و دەڵێت: "کاتێک تەنیا 3 کاژێر کارەبای نیشتمانی نابێت و موەلیدە کار دەکات، خەرجییەکانی کۆتایی مانگمان دەگاتە 10 بۆ 12 ملیۆن دینار، ئەمەش بارگرانییەکی زۆرە."
لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 130 هۆتێل و مۆتێل هەن، زۆربەیان بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای گشتییەوە تووشی زیانی دارایی بوون. موەلیدەیەکی 500 کەی ڤی ئەی، تەنانەت ئەگەر تەنیا بۆ 4 گەشتیاریش لەناو هۆتێلەکەدا کار بکات، لە کاژێرێکدا زیاتر لە 60 لیتر گازوایل دەسووتێنێت، کە نرخی هەر لیترێکی 1000دینارە.
شێروان هاشم، گوتەبێژی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک، باس لە کێشەیەکی دیکەی خاوەن هۆتێلەکان دەکات کە پەیوەستە بە پڕۆژەی رووناکی. ئەو دەڵێت: "پێشتر کە گوترا کارەبای 24 کاژێری دەبێت، زۆرێک لە خاوەن هۆتێلەکان موەلیدەکانی خۆیان بە هەرزان فرۆشت، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، نە کارەبایان هەیە و نە دەشتوانن موەلیدەی نوێ بکڕنەوە، چونکە نرخی هەر یەکێکیان 20 بۆ 30 هەزار دۆلارە."
گوتەبێژی کۆمەڵەکە دەشڵێت، زۆر لە هۆتێلەکان ئێستا ناتوانن گەشتیار وەربگرن، چونکە ئەو کارەبایەی لە دەرەوە بۆیان دابین کراوە تەنیا بەشی چەند ژوورێکی کەم دەکات و ناتوانن خەرجیی رۆژانەی کارمەندەکانیشیان دەربێنن.
پشکی کارەبای نیشتمانیی دهۆک رۆژانە نزیکەی 400 مێگاواتە، ئەمەش وای کردووە کاژێرەکانی هەبوونی کارەبا لە نێوان 13 بۆ 16 کاژێردا بێت. ئەم کورتهێنانە گەورەیە لە کاتێکدایە کەرتی گەشتیاری لەو پارێزگایەدا بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی داهات دادەندرێت، بەڵام ئێستا لەژێر هەڕەشەی داخستندایە.


