رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 40 رۆژ بەسەر مەرگی هاوکاری کۆچکردوومان هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی بەغدای تۆڕی میدیایی رووداودا تێپەڕی. لە کەرکووک رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ چلەی ماتەمینییەکەی رێکخرا. کەسوکار، هاوکار و هاوڕێیانی هەڵکەوت، رۆژنامەڤانان، هەروەها رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک و دەیان کەسی دیکە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بوون.
بێستوون نووری، بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو، پەیامێکی بە ناوی تۆڕی میدیایی رووداوەوە خوێندەوە و گوتی: "ئەمڕۆ چل رۆژە خەمێکی قورس لەسەر دڵی ئێمە و هەموو کوردستان نیشتووە. چل رۆژ بەر لە ئێستا، رووداوێکی دڵتەزێن، نەک هەر جەستەی هاوکارێکی ئازیزی لێ سەندینەوە، بەڵکو دەنگێکی راستگۆشی بێدەنگ کرد و لە خەڵکی سەندەوە."
بێستوون نووری: نموونەی مرۆڤایەتیمان لەدەستدا
بێستوون نووری گوتی: "ئێمە لە تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا هاوکارێکمان لەدەست نەدا، بەڵکو برایەک، دۆستێکی دڵسۆز و نموونەیەک لە مرۆڤایەتیمان لەدەستدا. گەرموگوڕیی رۆژانی پرسەکەی و ئەو خەمە گشتییەی هەموو کوردستانی گرتەوە، گەورەترین شایەتین بۆ ئەوەی کە کاک هەڵکەوت چەندە خۆشەویست بوو. ئەو خۆشەویستییە لەخۆڕا نەهاتووە، بەڵکو بەرهەمی ساڵانێک کارکردنی ماندوونەناسانە و پاکی و راستگۆیی ئەو بوو لە پیشەکەیدا."
بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو ئاماژەی بەوە کرد: "کاک هەڵکەوت لە دوو قوتابخانە پەروەردە بووە، لە خێزانەکەیدا لەلایەن دایک و باوکێکی سەرڕاست و نیشتمانپەروەر پەروەردە کراوە، لە راگەیاندنیش پەروەردەی رووداوی بە تەواوی وەرگرت، کە رۆژنامەڤانی بەرپرسیارێتییە و دەبێت زانیاریی راست و دروست بە خەڵک بدات و بە دوای کێشەکانیاندا بڕوات و بیگەیێنێتە کاربەدەستان بۆ چارەسەر. بۆیە بۆ خەڵک زۆر جار وەک کەسێکی خۆشمژدە دەردەکەوت، هەر ئەمەش وای کردبوو ببێتە خۆشەویستی هەمووان."
بە گوتەی بێستوون نووری، ئەوەی مەرگ و ژیانی مرۆڤەکان لە یەکدی جیا دەکاتەوە، ئەو ناو و ناوبانگ و کارەکتەرەیە کە مرۆڤ لە دوای خۆی جێی دەهێڵێت. "گەورەترین سەروەری و نیشانەی سەرکەوتنی مرۆڤ لە ژیاندا ئەوەیە، کاتێک کۆچی دوایی دەکات، وڵاتەکەی وەک رۆڵەیەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر ناوی بهێنێت، خێزانەکەی بە سەربەرزییەوە بە ناویەوە بناسرێنەوە و هاوڕێ و هاوکارانیشی بە شانازییەوە یادگارییەکانی بگێڕنەوە."
گوتیشی: "هەڵکەوت بە جۆرێک ژیا، کە ئەمڕۆ هەموومان لێرەدا، نەک تەنیا بۆ ماتەمینی، بەڵکو بۆ رێزگرتن لەو مێژووە پڕ لە شانازییەی بۆ خۆی و خێزانەکەی و تۆڕی میدیایی رووداوی تۆماری کرد، کۆبووینەتەوە."
بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو، بە ناوی تۆڕی میدیایی رووداوەوە سەرەخۆشیی لە "خۆمان و بنەماڵەکەی و کوردستان" کرد و گوتی: "لەم یادەدا، بە هەڵکەوت عەزیزی خۆشەویستی هەمووان دەڵێین، هەرچەندە مەرگی ناوەخت و ئەو رووداوە شوومە تۆی لێ جیاکردینەوە، بەڵام ناوت لە مێژووی راگەیاندنی کوردستان و عێراقدا و لەناو دڵی یەک بە یەکی هاوکارانت لە رووداو بە نەمری دەمێنێتەوە. ئێمە لەبەردەم ئەم خەڵکە خۆشەویستەدا پەیمان دەدەین کە لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام بین؛ رێچکەی گەیاندنی راستی و کارکردن بۆ خەڵک."
دوو سیفەتی جوانی هەڵکەوت
جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "دوو سیفەتی جوان لە هەڵکەوتدا هەبوون؛ هەستی بە بەرپرسیارێتی دەکرد و لە گواستنەوەی هەواڵەکانیشدا راستگۆ بوو، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق خۆشەویست بێت، تەنانەت ئەوانەشی کە لە نزیکەوە نەیانناسیبوو، بۆ کۆچی دوایی ئەو خەمبار بوون."
رێبوار تەها ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر لە کەرکووک قوتابخانەیەکیان بە ناوی شەهید (سۆران مامە حەمە) کردووە، ئێستاش بڕیاریان داوە هەمان هەنگاو بۆ هەڵکەوت عەزیز بنێن و گوتی: "پێمان باش بوو یەکێک لە قوتابخانەکانی کەرکووک بە ناوی کاک هەڵکەوت بکەین. لە رۆژانی داهاتوو دەست بە رێکارەکان دەکەین و لە وەرزی نوێی خوێندندا، قوتابییان لەو قوتابخانەیە دەخوێنن کە ناوی هەڵکەوت عەزیزی لەسەرە."
لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق: هەڵکەوت پەیامی مرۆیی پێ بوو
مەروان ئەلعانی، نەقیبی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق، لە یادەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "من بە نوێنەرایەتیی بەڕێز موئەیەد لامی، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق لێرەم."
مەروان ئەلعانی گوتیشی: "هەڵکەوت نموونەی رۆژنامەڤانێکی سەرکەوتوو بوو، پەیامێکی مرۆیی پێ بوو، بەوە ناسرابوو کە خاوەنی رەوشتێکی بەرز بوو، کەسێکی ئارام بوو، نموونە بوو بۆ رۆژنامەڤانان، لە کەرکووک چەندین رۆژنامەڤانی باش هەڵکەوتن، لە کارگەی کەرکووک هەڵکەوت نموونەی باشترینەکان بوو، هەڵکەوتی ئازیزمان."
"دەستخۆشیی لە وەفاداریی رووداو دەکەین"
نەقیبی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق رایگەیاند: "ئێمە سەرەخۆشی لە کەس ناکەین، سەرەخۆشی لە خۆمان دەکەین، هەڵکەوت بە نەمری لە یادمان دەمێنێتەوە و دەستخۆشیی لە وەفاداریی رووداو و هەموو کارمەندانی دەکەین، دەستخۆشیی لە رۆژنامەڤانانی کەرکووک دەکەین کە بە هەموو رەنگەکانەوە بە دەنگ و رەنگی خۆیان لەگەڵمان بوون و یەکگرتوو بوون."
مەهدی زریان: هەڵکەوت جوانترین نموونەی رۆژنامەنووسانی کەرکووک بوو
مەهدی زریان، بەرپرسی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە یادەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆش و یادێکی خەمگینە، هیوادارم ئەمە دوا کۆست بێت بۆ ئێمەی رۆژنامەنووسان و بنەماڵە ئازیزەکەی."
مەهدی زریان گوتی: "دوای ئەوەی لە ساڵی 2003 گەڕاینەوە ئەم شارە (کەرکووک)، شارێکی شەهیدکراو، شارێکی لەپەلوپۆخراو، کۆمەڵێک گەنجی جوانی ئەم شارە لە رووی هونەرییەوە، لە رووی رۆژنامەگەری و میدیاوە زۆر بە خێرایی، جددی و دڵسۆزانە بزووتنەوەیەکی جوانیان لە شارەکە کرد، یەکێک لەو کوڕە جوان و بەتوانایانە کاک هەڵکەوت بوو، بەداخەوە کە 40 رۆژ لەمەوبەر وەکو شۆکێک ئەو خەبەرەمان بیست (هەواڵی مەرگی هەڵکەوت)."
بەرپرسی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، گلەیی لە دۆخی رۆژنامەنووسانی کەرکووک کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "زۆر جار گوتوومانە و ئێستاش دەیڵێمەوە، ئەم کوڕانەی کە لە سەرەتاوە دەستیان بە کاری رۆژنامەوانی کردووە لەنێو ئاگر و ئاسندان، باوەڕ ناکەم رۆژنامەنووسانی هیچ یەک لە شارەکانی عێراق و هەرێم، هێندەی رۆژنامەنووسانی کەرکووک بێناز بن و کارتی مەترسیداریان کردبێت، بەڵام بەداخەوە تاوەکو زیندوون وەکو پێویست رێزیان لێ ناگیرێت، هیوادارم لەم رۆژ و ساتەوە مەرگی هەڵکەوت ببێت بەو سەرەتایەی کە رێز لە زیندووەکانیش بگیرێت و نەهێڵن بگاتە دوای مردن و ئەسەفی بۆ بخۆین."
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، دوای ئەوەی 8-6-2026 لە رێگەی بەغدا - بەسرە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
هەڵکەوت عەزیز، لە 20ـی کانوونی یەکەمی 2015ـەوە دەستی بە کارکردن لە تۆڕی میدیایی رووداو کردبوو، بەهۆی چالاکی و راستگۆیی لە کارەکەیدا، جێگەی متمانەی بینەران بوو.



