رووداو دیجیتاڵ
چل رۆژ بەسەر کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیزی، پەیامنێری لێهاتووی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا تێدەپەڕێت. کەرکووک، بەغدا و تەواوی کوردستان هێشتا لەژێر کاریگەریی کۆستەکەدان و هاوڕێ و هاوپیشەکانی بە خەمێکی قووڵەوە یادی دەکەنەوە.
لە هۆڵی رۆشنبیریی شاری کەرکووک، مەراسمی چلەی ماتەمینی بۆ هەڵکەوت عەزیزی بەڕێوەچوو. هۆڵەکە پڕ بوو لەو خەڵکەی بۆ وەفایەک بەرامبەر ئەو پەیامنێرەی رۆژانێک دەنگی راستەقینەی کێشەکانیان بوو، ئامادە بوون.
کارۆ سەیفەدین، یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی هەڵکەوت عەزیزی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پلانم وابوو تەلەفۆنی بۆ بکەم و سەردانی بکەم، بەڵام نەمزانی دەچمە سەر گۆڕەکەی و ماڵئاوایی لێ دەکەم. پێی دەڵێم ئینشاڵا لە بەهەشت یەکتر دەبینینەوە، چونکە ئەو زۆر ئیماندار و پاک بوو."
شڤان جەباری، هاوڕێیەکی دیکەی هەڵکەوت گوتی: "دەڵێم عەزیزی دڵان، بێ کەست کردین." یەکێکی دیکە لە هاوڕێیانی ئاماژەی بە ژیانی پڕ لە کۆچ و سەختیی ئەو کرد و گوتی: "بە ئاوارەیی لەدایکبوو و بە غەریبییش سەری نایەوە."
هەڵکەوت عەزیزی تەنیا رۆژنامەنووس نەبوو، بەڵکو پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ بینەرانی رووداو دروست کردبوو. تابان جاف، یەکێک لەو بینەرانەی بۆ مەراسمەکە هاتبوو، دەڵێت: "لە هەر جێگەیەک کاک هەڵکەوت قسەی بکردایە، هەمووانم بێدەنگ دەکرد تاوەکو گوێی لێ بگرم."
هەروەها سۆران خەیروڵڵا، بە خەمبارییەوە باسی لە کاریگەریی کۆچی هەڵکەوت کرد و گوتی: "وادەزانم برایەکم لەدەستداوە، وەکو ئەوەی لە گۆشت و جگەری خۆم بووبێت."
هەڵکەوت عەزیزی، پەیامنێری لێهاتووی رووداو لە بەغدا، لە رۆژی 8-6-2024 لە تەمەنی 37 ساڵیدا ژیانئاوایی لە هاوژین، دوو منداڵەکەی و بینەرانی کرد.
هەرچەندە چل رۆژە دەنگی هەڵکەوت عەزیزی لە شاشەی رووداوەوە نابیسرێت، بەڵام ناو و یادگارییەکانی وەکو رۆژنامەنووسێکی دڵسۆز و سەرکەوتوو، بۆ هەمیشە لە مێژووی راگەیاندنی کوردیدا بە زیندوویی دەمێننەوە.


