رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانی عێراق ئاشکراکردنی سەرپێچیکردنە سەر یەکێک لە بۆرییە نەوتییەکانی لە سنووری پارێزگای کەرکووک راگەیاند و دەڵێ، ئامێرەکانی پەیوەست بەو کارە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان کە ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی هەواڵگریی پۆلیسی وزە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بریکاری هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان و بە هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، سەرپێچیکردنە سەر بۆرییەکی نەوتیان لە کەرکووک ئاشکراکرد، ئەوەش دوای بەدواداچوون، وردبینی و پشکنینی مەیدانی.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی پشکنینی مەیدانیدا دەرکەوتووە کە چەند ئامێرێکی تایبەت بە کردنەوەی قوفڵی بۆرییەکە لە شوێنەکەدا هەبوون، جگە لە بوونی شوێنەواری هەڵکەندن و داپۆشینەوە بە خۆڵ لە نزیک بۆرییەکەدا.
ئاژانسەکە باس لەوەدەکات، ئامێرەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییە پێویستەکان و هەوڵەکانیشیان بۆ پاراستنی سامانی نەوت و ژێرخانی ئابووریی وڵات بەردەوام دەبن.



