رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە هەڵمەتێکدا لە سنووری پارێزگاکە دەست بەسەر زیاتر لە 700 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و 236 بازرگانی مادەکەش دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29-11-2026، فەرزاد ئەکبەری، جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکاندا، ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنووری پارێزگاکە بەڕێوەبردووە.
بەگوتەی فەرزاد ئەکبەری، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەستیان بەسەر 719 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە.
جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 236 بازرگانی مادەکە و 595 ئالوودەبووش دەستگیر کراون.
وەک فەرزاد ئەکبەری گوتی، جیا لە مادە هۆشبەرەکان، دەست بەسەر 11 هەزار و 951 دەنکە حەب و هەزار و 300 دەرزیدا گیراوە.
پارێزگای کرماشان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، لەسەر یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی ترانزێت و بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر هەڵکەوتووە بەرەو سنوورەکان، بەجۆرێک ساڵانە لە سنووری ئەو پارێزگایەدا دەست بەسەر زیاتر لە 15 تۆن ماددەی هۆشبەردا دەگیرێت.



