رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکانی بەغدا کۆبووەوە و رایگەیاند، دووپاتی دەکەنەوە "هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی، لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆیشی دەکات."
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026 ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش خستنەڕووی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو سەبارەت بە رێکارەکانی دوێنێی حکومەتی فیدراڵ.
دوای کۆبوونەوەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات، "دەستووری هەمیشەیی عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بەتایبەتی ماددەی 140ی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان نەنراوە."
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە، "هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی، لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە و وەک هەمیشە ئامادەیی خۆیشی بۆ چارەسەرەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە، بۆیە ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو راگەیێندراوە دەردەبڕێت کە بەناوی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکرایەوە، چونکە پێشێلکارییەکی دەستووری و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ رژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، "بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە رەت دەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان."
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە، "هەرێمی کوردستان، بەردەوام پشتیوانیی هەر رێکارێک بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەر کارێکی نایاسایی و بەردەوامیش هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی. داواش دەکەین گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت."
هەر لەو راگەیێندراوەدا ئەنجوومەنی وەزیران جەخت دەکاتەوە، "هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە، هەرێمی کوردستانیش رۆڵێکی کارا و کاریگەری لە هێنانەئارای سیستمی فیدراڵیی ئێستای عێراق هەبووە و خۆی بە خاوەنی دەزانێت، هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت کە تەنیا مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵکو پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی رەوای خەڵکی کوردستانە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت "لە رێگەی گفتوگۆ، دانوستاندن و لێکتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستوور، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن، داواش دەکات دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کە هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکان و جێبەجێ نەكردنی دەستوورە، بەتایبەتی ماددەی 140ی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان نەنراوە."
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، "پێویستە بەپێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجوومەنی فیدراڵیی عێراق (مجلس الاتحاد العراقي) دروست بكرێت و دادگەی باڵای فیدراڵییش لە سەر بنەمای دەستوور پێکبهێندرێتەوە، بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت."
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، "بەردەوام بن لە هەڵوێستی نیشتمانییان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و بەرگریکردنیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان." هەروەها داوا لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ دەکات، "بەردەوام بن لە رۆڵی نیشتمانییانەی خۆیان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان."
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، "هەر کەسێک دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و بنەما دەستوورییەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکانی کوردستان رەفتار بکات و خەڵک هان بدات بۆ ئاژاوەنانەوە و دژایەتەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، پێویستە رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر."



