پەیامی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی بڕیارەکانی بەغدا
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
لەم قۆناغەدا دەبێت دانایی، سەقامگیری و سەروەریی یاسا لە سەروو هەموو شتێکەوە بن.
ئەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبنەوە، تەنها لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق وەک چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دەکرێت و پێویستە چارەسەر بکرێن.
گفتوگۆی جددی و بونیادنەر تاکە ڕێگایە بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو هاووڵاتییان و پاراستنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەدا.
لە هەمان کاتدا، سەقامگیریی ڕاستەقینە پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە. بڕوایەکی چەسپاومان هەیە کە دەبێت شەفافییەت بەردی بناغەی حوکمڕانی بێت. چونکە گەندەڵی متمانەی هاووڵاتییان بنکۆڵ دەکات و دامەزراوەکانمان لاواز دەکات؛ بۆیە دەبێت بە توندی ڕووبەڕووی ببینەوە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکرێت، لە هەر شوێنێک هەبێت و هەر کەسێک لێی بەرپرس بێت.
با هەموو لایەک بزانن کە پابەندبوونمان بە ئاشتی و گفتوگۆوە لە هێز و بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە دوودڵی. شانازی بە ناسنامەی کوردیمان و مافەکانی گەلەکەمانەوە دەکەین کە دوای خەباتێکی سەخت بەدەستهاتوون، و جەخت لە پابەندبوونی تەواومان دەکەینەوە بە پاراستنی شکۆ و خاک و پێگەی دەستووریمان هەر کاتێک پێویست بکات.
لە کۆتاییدا، گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان شایستەی ئاسایش، خۆشگوزەرانی و سەرکردایەتییەکی بەرپرسیارن. هەروەها جەخت لە پابەندبوونی نەگۆڕمان دەکەینەوە بە دیپلۆماسییەتی ئاشتییانە، ڕێزگرتنی دوولایەنە و چارەسەرە دەستوورییەکان وەک تاکە ڕێگا بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



