رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە رایگەیاند، دایک و باوکی ئەو کچە 19 ساڵانەی کە لە شاری سنە کوژرابوو، دەستگیرکراون و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
رۆژی سێشەممە 24-11-2026 شەهرام عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە کچێکی تەمەن 19 ساڵان لە یەکێک لە گەڕەکەکانی سنە کوژراوە، دەچنە شوێنی رووداوەکە و دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە بکوژەکان دایک و باوکی کچەکەن و لەکاتی لێپێچینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
سەبارەت بە هۆکاری کوشتنەکە، عەبدی روونیکردەوە، تۆمەتباران هۆکاری تاوانەکەیان بۆ "کێشەی خێزانی" گەڕاندووەتەوە. ئێستاش هەردوو تۆمەتبارەکە لەگەڵ دۆسییەکەیان رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی.
هێلیا فەتاحی، کچێکی تەمەن 19 ساڵ و دانیشتووی شاری سنەیە کە رۆژی شەممە کوژرا.
هەفتەی رابردووش کچێکی تەمەن 16 ساڵ بە ناوی (سەوگەند سەیادی) خەڵکی کرماشان، لە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە هەڵدرایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا و دواتر باوک و بەڕێوەبەری قوتابخانەی کوژراوەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێ، بەڵام هێشتا پۆلیس یەکلایی نەکردووەتەوە کە بکوژەکە کێ بووە.



