رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی پێشهاتەکان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "لە ناوەندەكانی بڕیاری عێراقیدا جموجۆڵ و هەڵچوونێكی ناسرووشتی لە دژی هەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت." راشیدەگەیێنێت، "هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك."
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاویکردەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، "هەموومان وامان دەزانی كە لە دەستووری عێراقدا ئەرك و مافەكانی هەموو لایەك جێگیر بووە و حوكمڕانانی عێراق رێز لە دەستوور و ئیرادەی گەل دەگرن، بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەكرا و رۆژ لەدوای رۆژ دەستكرا بە دژایەتیكردنی ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، كە ئەو پڕەنسیپانە لە هەموو سەردەمێكدا كلیلی رزگاركردنی عێراق لە قەیرانەكان و گەیشتن بە پێشكەوتن و ئاسوودەییە بۆ هەموو عێراقییەكان."
سەبارەت بە حكومەتی نوێی عێراق سەرۆک بارزانی باسی لەوە کردووە، هەر لە سەرەتاوە پشتیوانیی خۆیان بۆ عەلی زەیدی راگەیاند لە چارەسەركردنی كێشەكان و پاڵپشتی بوون لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە كردەوە ئەوەیان ئەنجامداوە، "ئێستاش كە هەڵمەتێكی چەواشەكارانە و زاڵمانە هەیە لە دژی هەرێمی کوردستان و رۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێم بڵاودەكرێتەوە، پێمانوایە چارەسەركردنی گرفتەكان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاكلایەنە ناكرێت."
سەرۆک بارزانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، "ئێمە چۆن هاوکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبین لە رێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لەڕێگەی یاسایی و دەستوورییەوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت هەموو لایەك دەست بە بنەماكانی دەستوورەوە بگرن، "لەو وڵاتەی بۆ رزگاربوونی لە دیكتاتۆریەت و گەیشتن بە ئازادی رەنجی زۆری بینیوە پێویستە عەقڵ حاكم بێت و هیچ كەسێك پشت بە میزاج و زانیاریی هەڵە و بڕیاری نادروست و ماڵوێرانكەر نەبەستێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی جەخت دەکاتەوە، هەرێمی كوردستانی عێراق "لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی سەت ساڵەی گەلی كوردستان و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید هاتۆتەكایەوە و خاوەن مافی رەوای خۆیەتی. هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك."
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ماوەیەكە لە ناوەندەكانی بڕیاری عێراقیدا جموجۆڵ و هەڵچوونێكی ناسرووشتی لەدژی هەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت كە خۆی لە هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی بنەماكانی فیدراڵییەت و دەستووری عێراق و پشتگوێخستنی مافەكانی گەلی كوردستان و خستنەڕووی بڕیار و بیرۆكەی ناتەندروست و سەركێشانە دەبینێتەوە.
هەموو لایەك ئەوە باش دەزانن كە گەلی كوردستان خەباتێكی دوورودرێژی لەپێناو دەستەبەركردنی مافەكانیدا هەبووە و لەو ڕێگەیە كارەساتی گەورەی بەسەردا هێنراوە هەر لە ئەنفال و كیمیابارانەوە بگرە هەتا تێكدانی هەزاران گوند و دەركردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە كوردنشینەكان و دەیان تاوانی گەورەی تر كە لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون. بەڵام گەلی كوردستان ئیرادەی خۆی لەدەست نەدا و بە خوێن و قوربانیدانی خۆی لەدژی هەموو چەشنە ستەمكارییەك وەستایەوە.
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2003 ڕۆڵی سەرەكیی هەبوو لە ڕووخانی ڕژێم و كۆتایهێنان بە دیكتاتۆرییەت و هەروەها ڕۆڵی باڵای هەبوو لە بنیاتنانی عێراقی تازە وداڕشتنی دەستوور، دەستوورێك كە لەژێر سایەیدا هەموو عێراقییەكان بحەسێنەوە و كۆتایی بە نەهامەتی و نكۆڵیكاری بێت. ئەو ڕۆڵەش بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بوو كە ڕێگەی دا هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری لە ڕووخانی ڕژێم و بیاتنانی عێراقی نوێدا بكەن. ئێمە هەموومان وامان دەزانی كە لە دەستووری عێراقدا ئەرك و مافەكانی هەموو لایەك جێگیر بووە و حوكمڕانانی عێراق ڕێز لە دەستوور و ئیرادەی گەل دەگرن. بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەكرا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەستكرا بە دژایەتیكردنی ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، كە ئەو پڕەنسیپانە لە هەموو سەردەمێكدا كلیلی ڕزگاركردنی عێراق لە قەیرانەكان و گەیشتن بە پێشكەوتن و ئاسوودەییە بۆ هەموو عێراقییەكان.
سەبارەت بە حكوومەتی تازەی عێراق ئێمە هەر لە سەرەتاوە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆكوەزیران عەلی زەیدی ڕاگەیاند لە چارەسەركردنی كێشەكان و پاڵپشتی بووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە كردەوە ئەوەمان ئەنجامداوە. ئێستاش كە هەڵمەتێكی چەواشەكارانە و زاڵمانە هەیە لەدژی هەرێم و ڕۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێم بڵاو دەكرێتەوە. ئێمە پێمانوایە چارەسەركردنی گرفتەكان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاكلایەنە ناكرێت. ئێمە چۆن هاوکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبین لە ڕێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لە ڕێگەی یاسایی و دەستوورییەوە.
پێویستە هەموو لایەكمان دەست بە بنەماكانی دەستوورەوە بگرین و لەو وڵاتەی بۆ ڕزگاربوونی لە دیكتاتۆریەت و گەیشتن بە ئازادی ڕەنجی زۆری بینیوە پێویستە عەقڵ حاكم بێت و هیچ كەسێك پشت بە میزاج و زانیاریی هەڵە و بڕیاری نادروست و ماڵوێرانكەر نەبەستێت.
جەختیش دەكەینەوە هەرێمی كوردستانی عێراق لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی سەت ساڵەی گەلی كوردستان و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید هاتۆتەكایەوە و خاوەن مافی ڕەوای خۆیەتی. هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك.
مسعود بارزانی
24ی تشرینی دووەمی 2026



