رووداو دیجیتاڵ
دوای 13 رۆژ لە پەککەوتنیان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە، تانکەرە حکومییەکانی دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی کەوتنەوە کار، بەڵام تەنیا گازی یەک هەفتەیان بۆ دابینکراوە. لە سلێمانی زیاتر لە سێ هەزار ماڵ پشت بە ئاوی تانکەر دەبەستن و جێگری پارێزگاری شارەکەش دەڵێت لە هەوڵدان کێشە دروست نەبێت.
دوای 13 رۆژ لە وەستانیان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە، جارێکی دیکە تانکەرە حکومییەکانی دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی دەستیان بە کار کردەوە؛ بەڵام ئەم گەڕانەوەیە کاتییە، چونکە تەنیا گازی یەک هەفتەیان بۆ دابینکراوە و چارەنووسی دوای ئەو ماوەیە بە نادیاری ماوەتەوە.
ئیبراهیم ئەحمەد، شۆفێری تانکەر لەبارەی هۆکاری گرفتەکەوە دەڵێت: نرخی گاز گرانبووە، بۆیە کێشە دروستبووە.
پەککەوتنی تانکەرە حکومییەکان بارگرانیی دارایی خستووەتە سەر شانی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە. ئەحمەد شەریف، خانەنشینە و باس لە تێچووی کڕینی ئاو دەکات و دەڵێت: تانکەرێک ئاو بە 25 و 40 هەزارە، یەک تانکیش 10 هەزارە. واحید محەممەد، خانەنشینێکی دیکەیە و دەڵێت: هەر دەڵێن گاز نییە.
گەڕەکە نوێیەکانی سلێمانی کە هێشتا نەبەستراونەتەوە بە تۆڕی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەوە، چاویان لە تانکەرەکانە. چارەسەری بنەڕەتی بۆ کۆتاییهێنان بەم دڵەڕاوکێیەی دانیشتووانەکەی، تەواوکردنی پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دووکان - سلێمانییە.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەم بارەیەوە دەڵێت: لە هەوڵداین کێشە دروست نەبێت و کاری باشی بۆ بکەین.
لە سلێمانی زیاتر لە سێ هەزار ماڵ، کە دەکەونە بەشێک لە گەڕەکەکانی قولەرەیسی، هەواری شار، تاڤگە و بەشێکی گەڕەکی راپەڕین، پشت بە ئاوی تانکەر دەبەستن؛ ئەگەر قەیرانی گاز و بودجە بەرۆکیان نەگرێتەوە، هەفتەی جارێک ئاویان پێدەگات.
بەڵام ئاو تاکە خەمی ئەم گەڕەکانە نییە؛ کەمیی خزمەتگوزاری وایکردووە تاوەکو ئێستا کۆڵان و بەردەرگاکانیان خۆڵ بن و لەگەڵ هاتنی زستان و بارانبارینیشدا، قوڕ و لیتە بڕستی لێبڕیون.


