رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کارگێڕیی عێراق داوای لە نوێنەری لیژنەی باڵای مادەی 140 کردووە روونکردنەوەی زیاتریان بدەنێ لەبارەی رێگرییان لە بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە و بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بڕیاری کۆتایی بدرێ.
ئەو دادگەیە رۆژی سێشەممە 23ی تشرینی دووەمى 2026 دانیشتنێکی دیکەی لەبارەی سکاڵایەک کردووە لە دژی بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە بووە لە سنووری پارێزگای دیالە.
ئەحمەد عیماد سەعدی، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: نوێنەری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 ئامادەی دانیشتنەکەی دادگە بوو، دادوەر پرسیاری لەبارەی نووسراوێکی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەکە لێ کرد تێیدا ئاماژەی بەو ناوچانە کردووە لە سنووری دیالە کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە و نابێت گۆڕانکاری لە سنووری کارگێڕییاندا بکرێ.
19ی شوباتی ئەم ساڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵەی پەسند کرد، لەکاتێکدا ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە ساڵی 2024 ئەو بڕیارەی دەرکردبوو و ناحیەکەیان لە قەزای خانەقین جیاکردبووەوە.
پارێزەری دۆسیەکە لە دانیشتنەکەدا نووسراوەکەی هادی عامری خستووەتە روو کە لە 24ی ئەیلوولی 2026 لەبارەی دۆسیەی بەقەزاکردنی قەرەتەپە ناردوویەتی بۆ دادگەی کارگێڕی و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە (خانەقین، گوڵاڵە، سەعدیە، قەرەتەپە، جەبارە، مەندەلی، کفری) ناوچەی جێناکۆکن و مادەی 140 دەیانگرێتەوە و نابێت هیچ بەشێکیان لێ داببڕێنرێت.
ئەحمەد عیماد سەعدی رایگەیاند داواکاریی دادوەر وابووە پێویستیان بە روونکردنەوەی زیاترە لەسەر ئەو نووسراوە لەبارەی ناحیەی گوڵاڵە کە لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگا لەلایەن نوێنەری لیژنەی مادەی 140 ئامادە بکرێت.
تاوەکو ئێستا پێنج دانیشتنی دادگەی کارگێڕی لەبارەی دۆسیەی بەقەزاکردنی ئەو ناوچە کوردستانییەی دیالەوە ئەنجام دراوە. پارێزەری دۆسیەکە گوتی: "15ی کانوونی یەکەمی داهاتوو بۆ دانیشتنی داهاتووی دادگە دیاری کراوە کە بڕیارە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت."




