رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان لە راگەیێنراوێکدا داوایەک ئاراستە لایەنەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێ:" باشووری کوردستان جێگای ئومێد و هیوای خەڵکی کوردستانە".
لە راگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە: "لەو کاتەوە شەڕی نەگریسی چاڵدێران لە ساڵی 1514زایینی، کوردستانی وەکو یەکەیەکی سەرزەوینی لە نێوان دوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی دابەش کرد و دواتریش ئاکامی شەڕی یەکەمی جیهانی وەکو تەواوکەری ئەو دابەشبوونە وڵاتی کوردانی كردە قۆچی قوربانی و لە نێوان چوار وڵات دابەشیان کرد لە هەموو بەشەکانی کوردستان خەباتێکی بێبڕانەوە بۆ گەڕانەوەی سەروەریی نیشتمانی هاتە ئاراوە و لەم رێگەیەدا هەزاران كەس لە باشترین رۆڵەکانی ئەم وڵاتە گیانی ئازیزیان بەخت کردووە."
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "یەکێک لەو بەشانەی کوردستان بە گیانفیداییەكی بێوێنە' زیاتر لە 70 ساڵ خەباتی خوێناوی بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی و بەرپاکردنی کیانی کوردستانی، تێکۆشانێکی پڕتێچووی ئەنجام داوە، باشووری کوردستانە".
لە راگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە: "هەموو راستییە مێژووییەکانی سەردەم بە روونی نیشاندەری ئەو راستییەن خەباتی چەندین ساڵەی شێخ مەحموودی حەفید و بزووتنەوەی نەتەوەیی مەلا مستەفای بارزانی، هەتا گەلەکۆمەی جیۆپۆلەتیکی 1975 بەبێ هیچ گۆمانێک لە سەر شوناسی نەتەوەیی و پاراستنی جوگرافیای کوردستان بووە."
ئەنجوومەنی رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان دەشڵێت: "خەباتی شێلگیرانەی گەلی کوردستان تاوەکو بە ئامانج گەیشتنی راپەڕینی پڕشکۆی ساڵی 1991، دامەزرانی پەرلەمان و حکومەتێکی دیموکراتیکی کوردی لەو بەشەی کوردستانی لێكەوتەوە و پەرلەمانی کوردستان و پێکهاتنی دەوڵەتی ناوچەیی لە رێگای هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتییەوە، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە سیاسەت و خەباتی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا."
بە گوێرەی راگەیێنراوی ئەنجوومەنەکە، دانپێدانانی کیانێكی کوردستانی لە یاسای بنەڕەتی عێراقدا و پاڵپشتی ئەو هەرێمە لە لایەن هاوپەیمانانی نێونەتەوەییەوە، نیشاندەری قورسایی هێزە کوردستانییەکان لە ئاستی بەغدا و ناوچەکەدا بووە.
ئەنجوومەنەکە باس لەوە دەکات: "ئەزموونی حوکمڕانی باشووری کوردستان سەرەڕای هەموو تەنگژەکان، جێگای ئومێد و هیوای هەموو خەڵکی کوردستانە و نابێ بە هیچ شێوەیەک، ململانێی سیاسی و خوێندنەوەی جیاواز بۆ بەڕێوەبەرایەتیی وڵات، هێڵە سوورەكانی نیشتمانی ببەزێنێت و کەرامەتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی جوگرافیای سیاسی کوردستان پێشێل بکات."
لە کۆتایی ئەو راگەیێنراوەکەدا ئەنجوومەنەکە داوایەک ئاراستەی لایەنەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئێمە وەک شوورای رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان وێڕای پاڵپشتی تەواو بۆ خەباتی نەتەوەیی خەڵکی باشووری کوردستان، داوا لە هەموو لایەنە بەشدارەکانی گۆڕەپانی سیاسی باشوور دەکەین."
1- یەكپارچەیی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان هێڵی سووری نەتەوەییە و نابێ ببێتە قۆچی قوربانی هیچ حیزب و لایەنێک.
2- حكومەتی هەرێمی باشووری كوردستان جێگای ئومێد و سۆمای چاوی پارچەكانی دیكەی كوردستانە و ئەوانیش قوربانییان بۆ داوە. بۆیە نابێ رێگە بدرێت هیچ كەس و لایەنێک وەكو كاڵایەک سەیری بكات.
3- داوا لە هەموو هێز و لایەنەكان دەكەین وێڕای پاراستنی كەرامەتی خەڵكی كوردستان ركابەری و کێشە و بەربەستەکانی پڕۆسە سیاسییەكانی نێوانیان لە رێگای وتووێژەوە چارەسەر بكەن.
4- داوا لە هەموو رێکخراوە مەدەنییەکانی سەرجەم کوردستان و بە تایبەت باشووری كوردستان دەکەین رۆڵی نەتەوەیی خۆیان بۆ پاراستنی ئەو كیانە بگێڕن.
شوورای رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان
1- ئەنجوومەنی فەرهەنگی_ ئەدەبیی مەریوان
2- ئەنجوومەنی فەرهەنگی_ ئەدەبیی ڕۆجیار
3- ئەنجوومەنی سەوزی چیا
4- ناوەندی فەرهەنگی زانستیی رۆنان
5-ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین
6- ژیانەوە
7- یەمامە
8- سەندیكای كرێكارانی بیناسازی
9- ناوەندی سەلامەتی ژین




