رووداو دیجیتاڵ
بۆ یازدەیەمین هەفتە لەسەریەک، خانەنشینانی کەرتی گواستنەوە و گەیاندن (موخابەرات) لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دژی خراپیی بژێوی و پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان دەربڕی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026 خانەنشینانی کەرتی پەیوەندییەکان لە بەردەم فەرمانگەکانی موخابەرات لە شارەکانی سنە و کرماشان خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد، بەپێی رێژەی هەڵاوسان مووچەکانیان هاوتا و زیاد بکرێت، بیمەی تەندروستی و کێشەی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە گوتنەوەی درووشمی "بەڵێن و پەیمان بەسە، سفرەمان خاڵییە!" تووڕەیی خۆیان لە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکومەت و جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان پێشان دا و جەختیان کردەوە، تاوەکو داواکارییە سەرەتایی و مافە یاساییەکانیان دابین نەکرێت، شەقام چۆڵناکەن.
لە 11 هەفتەی رابردوو خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان بەردەوام گردبوونەتەوە.
هاوکات لە چەندین شاری دیکەی ئێرانیش، وەک تاران، ئیسفەهان و ئەهواز خانەنشینانی کەرتە جیاوازەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری، کەمیی مووچە و گرانیی بازاڕ، گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاوشێوەیان کرد.




