رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێ، ئیدارەی ئێستای واشنتن هانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات راستەوخۆ لەنێوان خۆیاندا کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان لە جورف نەسر "ساتێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ گێڕانەوەی سەروەریی دەوڵەت."
باربارا لیف، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژاری ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لەلایەن نوێنەر فاتیحەوە پێشکێش دەکرێت، باسی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، عێراق و سووریا کرد و گوتی: "لە بوارە گشتییەکەدا، روونە کە ئیدارەکە هانی سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی دەدات کێشەکانیان راستەوخۆ لەنێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن و پشت بە نێوەندگیریی واشنتن یان هیچ کەسێکی دیکە نەبەستن."
لەبارەی جیاوازیی هەڵوێستی ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئیدارەکانی پێشوو لە نێوەندگیریکردنی نێوان لایەنە کوردستانییەکان، باربارا لیف ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن کوردستانێکی دەوێ کە سەرکردایەتییەکەی لە دەرەوەی هێڵە حیزبییەکان پێکەوە کار بکات و گوتی: "جیاوازییە بەرچاوەکە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەتی ئەم خولەی دووەم، ئەوەیە کە ئەوان زۆر دەست وەرنادەن. ئەوان ئەم ناکۆکییە سیاسییانە بۆ سەرکردەکانی کورد چارەسەر ناکەن. ئەوان چاوەڕێی ئەوە لە سەرکردەکانی کورد دەکەن کە خۆیان ئەو ناکۆکییانە چارەسەر بکەن."
یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریشی دا لە بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان و گوتی: "تاوەکو ئەم کێشانە زیاتر بەبێ چارەسەر بمێننەوە، خراپتر دەبن، هەڕەشەی زیاتر لەسەر کوردستانی عێراق و هەروەها عێراقیش دروست دەبێت. بۆیە باوەڕم وا نییە ئەستەم بێت بۆ سەرکردەکان بگەنە رێککەوتنێک. ئەمە بابەتی ئیرادەی سیاسییە بە هەمان ئەندازە لەلایەن هەردوولاوە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، باربارا لیف رەتی کردەوە کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا پشتگوێ خرابێت و ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردەمی ئیدارەی بایدنەوە و دواتریش لەلایەن باڵیۆز تۆم باراک و ئیدارەی ترەمپەوە کار کراوە بۆ ئەوەی دیالۆگ لەنێوان کورد و دیمەشقدا هەبێت و هێزەکانی تورکیا دووربخرێنەوە.
لیف لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی سووریا لە داهاتوودا، لەگەڵ بۆچوونەکانی تۆم باراک ناکۆک بوو کە دژی فیدراڵییە و گوتی: "لەگەڵ هەموو رێزێکدا، من لەسەر ئەم پرسە بە تەواوی لەگەڵیدا ناکۆکم."
ئەو پێیوایە سەپاندنی دەسەڵاتێکی زۆر ناوەندی لە دیمەشقەوە مەترسیدارە و گوتی: "هەڵە دەبێت، بێئەقڵانە دەبێت، زۆر مەترسیدار دەبێت بۆ دیمەشق کە هەوڵ بدات مۆدێلێکی زۆر ناوەندی بەسەر هەموو ئەم کۆمەڵگەیەدا بسەپێنێت.. پێموایە سەقامگیری پێویستی بەوە دەبێت کە ئەحمەد شەرع رێبازێکی جیاواز بگرێتەبەر کە زۆر ناوەندی نەبێت بۆ پرسی حوکمڕانی."
سەبارەت بە مافی خوێندن بە زمانی کوردی بۆ منداڵانی کورد لە سووریا، لیف پشتگیریی خۆی نیشان دا و گوتی: "دەبێ رێگە بە رێبازێکی زۆر فراوان بدرێت بۆ منداڵانی کورد بۆ خوێندن بە کوردی لە تەمەنی زووەوە تاوەکو زانکۆ." هاوکات پێی وابوو فێربوونی زمانی عەرەبیش لە پاڵ زمانی کوردیدا بۆ داهاتووی منداڵەکان و کارکردن گرنگە.
لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەی جورف نەسر و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان، باربارا لیف دەستخۆشی لە هەنگاوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و رایگەیاند، ئەو بێیاسایی و گەندەڵییەی میلیشیاکان تێوەی گلاون "شێرپەنجەیە" لەسەر عێراق.
لیف رەخنەی تووندی لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا گرت و گوتی: "من هەمیشە تۆقیوم بەو راستییەی کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا شوێنێکیان بەڕێوەبردووە کە لە بنەڕەتدا ناوچەیەکی قەدەخەکراوە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، کە تەنیا ئەم میلیشیایە کۆنترۆڵی ئەوەی هەیە کێ بچێتە ژوورەوە یان نا."
ئەو رەتیکردەوە ئەوەی لە جورف نەسر روودەدات شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران بێت و گوتی: "ئەمە بابەتی شەڕکردنی ئەمریکا نییە لەگەڵ ئێران لە جورف نەسر. بەڵکو بەغدایە کە سەروەریی عێراق بەسەر هەموو بستێکی وڵاتەکەدا دەسەپێنێت، وەک ئەوەی پێویستە بیکات."
لیف ئاماژەی بە دەستوەردانەکانی ئێران کرد بۆ رێگریکردن لەو هەنگاوە، لەوانەش سەردانی ئیسماعیل قائانی بۆ عێراق و بە "گاڵتەجاڕی" وەسفی کرد.
جەختیشی کردەوە کە دەبێت حکومەتی عێراق بەردەوام بێت لە گوشارەکانی بۆ ئەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکان بخاتە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: زۆر مژاری گەرم هەن، بەڵام لە کوردستانەوە دەست پێدەکەین، ئەمریکا هیچ پەیامێکی هەبووە لەم رۆژانەدا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهاتن؟
باربارا لیف: من زانیاریم لەسەر کەناڵە تایبەتەکان نییە، بەڵام دەڵێم لە بوارە گشتییەکەدا، روونە کە ئیدارەکە هانی سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی دەدات کێشەکانیان راستەوخۆ لەنێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن و پشت بە نێوەندگیریی واشنتن یان هیچ کەسێکی دیکە نەبەستن، بەڵام دەبێ بڵێم بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو کێشە و هەڕەشە و ئاڵنگارییە زۆرانەی کە بەرۆکی هەردوو عێراق و کوردستانی عێراقیان گرتووە، پێموایە ئەو پەیامە بەڕاستی گرنگە کە سەرکردایەتیی هەردوو پارتەکە بیبیستن و لێی تێبگەن.
رووداو: پشتگوێخستنی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، کارێکی راست بوو؟
باربارا لیف: پێموایە بە تەواوی لە دەسەڵاتی سەرکردایەتیی هەردوو پارتەکەدایە بگەنە رێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و رەنگە ئەو ناکۆکییانە لەپێناو بەرژەوەندیی باشتری گەلی کورد بخەنە لاوە، پێموایە زۆر گرنگە کە ئەوە بکەن. تاوەکو ئەم کێشانە زیاتر بەبێ چارەسەر بمێننەوە خراپتر دەبن و هەڕەشەی زیاتر لەسەر کوردستانی عێراق و هەروەها عێراقیش دروست دەبێت. بۆیە باوەڕم وا نییە ئەستەم بێت بۆ سەرکردەکان بگەنە رێککەوتنێک.
رووداو: ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ دا، چ جۆرە هەرێمێکی کوردستانی دەوێ؟
باربارا لیف: پێموایە پەیامی واشنتن لەم دوو ساڵەی رابردوودا زۆر روون بووە، ئەویش ئەوەیە کە ئەوان کوردستانێکی عێراقیان دەوێ بە سەرکردایەتییەکەوە کە پێکەوە لە دەرەوەی هێڵە حیزبییەکان کار بکات و کار بکەن و رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بە باشی لەگەڵ بەغدا کار بکەن. ئێستا، وەک دەگوترێت "چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت"، واتە لەنێوان بەغدا و هەولێردا، گرنگە کە هەردوولا رێگەیەکی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ پێکەوەکارکردن. بۆیە پێموایە جیاوازییە بەرچاوەکە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەتی ئەم خولەی دووەمی سەرۆک ترەمپ، ئەوەیە کە ئەوان زۆر دەستوەردان ناکەن. ئەوان ئەم ناکۆکییە سیاسییانە بۆ سەرکردەکانی کورد چارەسەر ناکەن. ئەوان چاوەڕێی ئەوە لە سەرکردەکانی کورد دەکەن کە خۆیان ئەو ناکۆکییانە چارەسەر بکەن.
رووداو: هەوڵنەدانی ئەمریکا لە رابردوودا وەکو جاران بۆ لێک نزیککردنەوە و نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتی دا، هۆکارەکەی سیاسەتە جیاوازەکانی ترەمپ بوو، یان بێزاربوونی کۆشکی سپی بوو لە ناکۆکییە بەردەوامەکانی پارتی و یەکێتی؟
باربارا لیف: رەنگە کەمێک لە هەردووکی بێت، چونکە ئەوانەی لە ئیدارەی ترەمپ دا کار دەکەن، ئیدارەی دووەم، زۆر ئاگاداری مێژووی دوورودرێژی نێوان هەردوو پارتەکەن و ئەو ناکۆکییە ناوبەناوانەی کە هەندێک جار بوونەتە هۆی تووندوتیژی. ئەوان ئاگادارن کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، ئیدارە جیاوازەکانی ئەمریکا رێبازێکی زۆر دەستوەردەرانەیان گرتووەتەبەر بۆ هەوڵدان بۆ نێوەندگیریکردن لەو کێشانەدا. من دەڵێم ئەمە بڕیارێکی روونە لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی کابینەکەیەوە بۆ گرتنەبەری رێبازێکی جیاواز و پێم وا نییە ئەوە بگۆڕێت. هەروەها دەڵێم ئەمە رەنگدانەوەی ئەو ژینگە گشتییەیە کە ئەمریکا تێیدا کار دەکات. پشێوی لە هەموو ئاراستەیەکدا هەیە. بەشێکی زۆری ئەوە لە بڕیاری چوونە جەنگ دژی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەو جەنگە کۆتایی نەهاتووە، گۆڕانکاری لە هەموو ئاراستەیەکدا لە ئارادایە و هەندێک لەو گۆڕانکارییانە زۆر سوودبەخشن. ئەمە هەم دەرفەت بۆ سەرکردەکانی کورد دەڕەخسێنێت، هەروەها مەترسی و هەڕەشەی گەورەش دەخاتەڕوو ئەگەر رێگەیەک نەدۆزنەوە بۆ پێکەوەکارکردن.
رووداو: لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش کوردی پشتگوێ خستووە، کورد هەست دەکات پشتگوێ خراوە، ئایا ئەم هەستەی لەجێی خۆیەتی؟
باربارا لیف: نەخێر، من ناڵێم کە کوردانی رۆژئاوا پشتگوێ خراون بەڵکو ئەمە لە سەردەمی ئیدارەی بایدن لە هەفتەکانی کۆتاییدا دەستیپێکرد، هەر کە ئەسەد هەڵات، هەر کە حکومەتەکەی هەڵوەشایەوە، هێزە ئێرانییەکان، حیزبوڵڵای لوبنان و هێزە شیعە بیانییەکانی دیکە سووریایان جێهێشت. هەر لەو رۆژەی کە ئەسەد رۆیشت، ئیدارەی بایدن، هەم لە لایەنی سەربازی و هەم لە لایەنی مەدەنییەوە دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی مەدەنی و سەربازی رۆژئاوای کوردستان بۆ هاندانیان و دواتر هەر کە من پەیوەندیم لەگەڵ ئەحمەد شەرع بەست و لەو کاتەوە پەیوەندیی بەردەواممان هەبوو، دەستمان بە کارکردن کرد بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی کورد و دیمەشق دەست بە گفتوگۆ بکەن. ئەو هەوڵانە بێگومان لەژێر رێنمایی و سەرکردایەتیی باڵیۆز تۆم باراک دا بەردەوام بوون بۆ ئەوەی ئەم دوو بەشەی وڵاتەکە گفتوگۆ بکەن و چارەسەرێک بدۆزنەوە کە تێیدا باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ( رۆژئاوای کوردستان)، کۆمەڵگەی کوردی، بە تەواوی لە پرۆژەی نیشتمانیی سووریایەکی نوێدا تێکەڵ بکرێتەوە. من ناڵێم بە نەرمی بەڕێوەچوو. ناڵێم بە تەواوی بە دڵی هەموو کەسێکە، بەڵام هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پێشەوە، چونکە پێموایە دادپەروەرانەیە بڵێین هیچ کەسێک پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کۆمەڵگەیەکی کوردی بتوانێت لە دەرەوەی ئەو سووریا نوێیە بمێنێتەوە. بێگومان گوشارێکی زۆر لەلایەن تورکیاوە هەبوو، لەوانەش گوشاری سەربازیی روو لە زیادبوون بوون و پێموایە ئیدارەی ترەمپ زۆر بە چڕی کاری کرد بۆ ئەوەی هێزەکانی تورکیا بە دوور بگرێت و رێگە بە ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەی بدات کاری تێکەڵکردنەوەی پێویست راستەوخۆ لەگەڵ کوردانی سووریا ئەنجام بدەن. دووبارە، بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام سەرەتایەکی باشە.
رووداو: ئێوە یەکەم شاندی ئەمریکی بوون کە سەردانی دیمەشقتان کرد و لەگەڵ هەتەشە کۆبوونەوە لە پاش رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، ئەو سووریایەی وەکو ئەمریکا چاوەڕێتان دەکرد، ئەوەیە کە ئێستا دەیبینن؟
باربارا لیف: پرسیارێکی نایابە و پرسیارێکی زۆر ئاڵۆزە بۆ وەڵامدانەوە. ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە کە سووریای نوێ پرۆژەیەکە کە ساڵانێکی زۆری دەوێت تاوەکو دەکەوێتەسەر خۆی، مەبەستیشم لەوە سووریایەکە کە دابڕانێکی تەواو بێت لەو مۆدێلە سیاسی، ئابووری و ئەمنییە خراپەی کە بنەماڵەی ئەسەد بنیاتیان نابوو کە بۆ هەموو بەشەکانی سووریا خراپ بوو. بۆیە ئەو پرۆژەیە و ئاسۆکانی سەرکەوتن و بەردەوامبوونی ... سەرکەوتوو بەو مانایەی کە سەقامگیر و بەردەوام بێت، ئەویش ئەوەیە نوێنەرایەتیی ئیرادەیان بکات و چاودێریی بەرژەوەندییان بکات. وەک دەزانن، سووریا مۆزایکێکی مێژووییە لە چەندین کۆمەڵگە و نەتەوەی جیاواز پێکهاتووە. بۆیە من ئێرەیی بە ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەی نابەم لەو ئەرکەی لەپێشیانە. ئەوان دوو ساڵە لەناو پرۆسەکەدان، بەڵام رێگەیەکی زۆر دوور و درێژیان لەپێشە و یەکێک لە پرسیارە بنەڕەتییەکانی حوکمڕانی کە هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە ئەوەیە چۆن ئەم حکومەتە و هەر کەسێکی دیکە کە دواتر دێت دڵنیایی دەدەن لەوەی کە بە شێوەیەکی فراوان بنیات نراوە، بۆچوونی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و بەشە جیاوازەکانی وڵات لەبەرچاو دەگرێت. بەداخەوە، هێشتا دۆخەکە بەو شێوەیەیە کە حکومەت زۆر لە رادەبەدەر پشت بە گرووپێکی زۆر بچووک لە خەڵک دەبەستێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی ئیدلبن.
رووداو: باسی ئەوەت کرد کە وتت لەوانەیە وەکو دەڵێن پلانی داهاتوو، بەڵام چۆن داهاتوویەک کە دەزانین ئەمە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە؟
باربارا لیف: نەخێر، چونکە حکومەتی داهاتوو چۆن دێتە کایەوە؟ ئایا هەڵبژاردنی نیشتمانیی ئازاد و دادپەروەرانە دەکرێت کە هەر هاووڵاتییەک یەک دەنگی هەبێت؟ دەزانن، ئەوە پرسیارێکی زۆر سەرەکییە و ئەم قۆناخەش قۆناخێکی راگوزەرە، بەڵام بۆ ئەوەی پشتیوانیی بەردەوامی خەڵک مسۆگەر بکات، حکومەت دەبێت بەردەوام ئەو پشتیوانییە نوێ بکاتەوە لە رێگەی ئەو کارانەی دەیکات، لە رێگەی ئەو سیاسەتانەی دەیانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە رێگەی ئەو هەستەی لەلایەن خەڵکەوە دروست دەبێت. ئێمە هێشتا نازانین ئەو رێگەی راگوزەرە چۆن دەبێتە هۆی دروستبوونی حکومەتێکی دیکە و حکومەتێک کە خەڵک بەڕاستی رێگەیان پێبدرێت دەنگ بدەن.
رووداو: ئەو مافە کەمە کولتوورییانەی لە سووریا بە کورد دراون، هاوتایە لەگەڵ ئەو قوربانی و هەزاران شەهیدەی کورد بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا دای لە شەڕی داعش دا؟
باربارا لیف: پرسی مافە کولتووری و سیاسییەکان بەڕاستی پرسێکی زۆر گرنگە بۆ پێناسەکردن، بۆ روونکردنەوە، بۆ کارپێکردن لە رێگەی سیاسەتەکانەوە، بۆ جێبەجێکردن و بۆ ئەنجامدانی بە شێوەیەک کە خودی کۆمەڵگەکە هەست بکات دیمەشق گوێی گرتووە، گوێیان لە ئێمە گرت و وەڵامی ئەوەیان دایەوە کە داوامان دەکرد. پێموایە ئەو گرژییەی لەوێ هەیە هەمان ئەو گرژییەیە کە زیاتر لە 20 ساڵ دوای رووخانی سەدام لە عێراقدا دەیبینن کە گرژیی نێوان مۆدێلێکی زۆر ناوەندییە — کە هێشتا مەیلی ئەوەی هەیە ببێتە مۆدێلی باو لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا — بەرامبەر بە شتێک کە زیاتر لە مۆدێلێکی فیدراڵی دەچێت و پێموایە ئاڵۆزیی پێکهاتەی سووریا پێویستی بە شتێک هەیە کە زۆر ناوەندی نەبێت. پێموایە ئەو هاوکێشەیەی کوردی عێراق توانیان بەدرێژایی چەندین ساڵ بەدەستی بهێنن بە پشتیوانیی هێزەکانی ئەمریکا، خاڵێکی دەستپێکی دایە کوردی عێراق کە هێشتا ئەمڕۆش بە تەواوی بێ کێشە نییە، بەڵام خاوەنی ئۆتۆنۆمییەکی بەرچاون لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا. پێموایە سەرکردایەتیی دیمەشق، با بڵێین، متمانەی بە مۆدێلێکی فیدراڵی نییە، نەوەک وا دەربکەوێت کە هانی جۆرێک لە پارچەپارچەبوون دەدات. بەڵام پرسیارێکی بەڕاستی گرنگە کە بە شێوەیەکی زۆر هاوکارانە لەنێوان دیمەشق و ئەو کۆمەڵگە جیاوازانەدا چارەسەر بکرێ.
رووداو: بەڵام سووریاش ئەگەر زۆر لەگەڵ فیدراڵی نەبیت، ئەوەشمان بیرنەچێت، ئێستاش جێگەی کەسانی وەکو تۆ لەنێو ئەمریکا و کەسانی وەکو تۆم باراکیش لە نێو حکومەت پێشنیاز بۆ وەزیری دەرەوە یان کۆشکی سپی دەکەن کە لەلایەک دەڵێت ئێمەی ئەمریکا پێمان وایە دەبێت دەستتێوەردان نەکەین لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا هاوکات دەڵێت فیدراڵیزم بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نابێت، کە پێموایە دوو گوتاری زۆر پێچەوانەی یەکدین، دژیەکێکە کە ئایا تۆم باراک دەیەوێت دەستوەردان نەکرێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان دەبیت فیدراڵی نەبێت؟
باربارا لیف: لەگەڵ رێزی تەواوم بۆ باڵیۆز باراک کە زۆر بە سەختی و بە شێوەیەکی بەردەوام 24 کاژێر لە حەوت رۆژی هەفتەدا کار دەکات.. کار لەسەر سووریا دەکات، کار لەسەر عێراق دەکات، کار دەکات بۆ بەشداریکردن لەگەڵ هەردوو حکومەتەکەدا بۆ ئەوەی پەیوەندیی بەرهەمداریان هەبێت بە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر هەبوو.. لەگەڵ هەموو رێزێکدا، من لەسەر ئەم پرسیارە بە تەواوی لەگەڵیدا ناکۆکم. ئێستا، لە کۆتاییدا من هاوڕام کە سوورییەکان دەبێت ئەم کۆمەڵە پرسیارە یەکلایی بکەنەوە. ئەمانە پرسیارگەلێک نین کە لە رێگەی دەستێکی ئەمریکییەوە کە دەستوەردات و هەموو شتێک رێکبخاتەوە، یەکلایی بکرێنەوە. من باوەڕم وایە ئێمە وەک ئەمریکییەکان دەتوانین ئامۆژگاری بدەین و لەسەر سوورییەکانە کە وەریبگرن یان وازی لێ بهێنن، بەڵام هەروەها پێموایە ئەوەی ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەی بەدوایدا دەگەڕێن شتێکە کە رەنگە سوود لە رێگەیەکی جیاواز وەربگرێت لەو مۆدێلەی کە هەوڵ دەدات بەجێی بهێڵێت کە مۆدێلێکی زۆر ناوەندیی کۆنترۆڵکەر بوو و لەلایەن دیمەشقەوە کۆنترۆڵ کرابوو. دوای وێرانکارییەکانی جەنگ، لە ماوەی هەموو ئەم ساڵانەی ململانێدا، جۆرێک لە دابڕانی نەرم لەنێوان بەشە جیاوازەکانی وڵاتدا لە یەکتر دروست بوو و بڕێکی زۆر بێمتمانەیی بەدرێژایی چەندین ساڵ لەنێوان ئەو کۆمەڵگانە و دیمەشقدا گەشەی کرد. بۆیە پێموایە هەڵە دەبێت، بێئەقڵانە دەبێت، زۆر مەترسیدار دەبێت بۆ دیمەشق کە هەوڵ بدات مۆدێلێکی زۆر ناوەندی بەسەر هەموو ئەم کۆمەڵگەیەدا بسەپێنێت. ئەمە بەو مانایە نییە دەتوانن یان دەبێت بە خێرایی بەرەو شتێکی وەک فیدراڵیزمی ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕۆن، کە بێگومان بە هێواشی و بەدرێژایی چەندین ساڵ و بە شێوەیەکی سروشتی گەشەی کرد، بەڵام پێموایە سەقامگیری پێویستی بەوە دەبێت کە ئەحمەد شەرع رێبازێکی جیاواز بگرێتەبەر کە زۆر ناوەندی نەبێت بۆ پرسی حوکمڕانی.
رووداو: سەرنجت لەسەربابەتێکی وەکو خوێندنی منداڵی کورد بە زمانی کوردی کە 15 ساڵ بە زمانی کوردی خوێندیان، بەڵام ئێستا ئەم منداڵانە خۆپێشاندان دەکەن و دەڵێن دەمانەوێت وەکو جاران بخوێنین، بەڵام دەوڵەت ئەو مافەی لێسەندوونەتەوە و تەنیا چەند کاژێرێکی داناوە لە هەفتەیەکدا کە بە کوردی بخوێنین وە چەند وانەیەک، بۆ نمونە وانە زانستییەکان بە کوردی نییە، پێت وانییە کە کورد دەبێت ئەو مافەی پێبدرێت؟
باربارا لیف: پێموایە زۆر گرنگە. دووبارە گرنگە بۆ ئەرکەکانی حوکمڕانی و ئەو بەرپرسیارێتییە گەورانەی کە لەسەر شانی حکومەتێکی زۆر بچووکن لە دیمەشق. لە راستیدا لە بەرژەوەندیی ئەواندایە کە رێبازی فێرکردن و وانەگوتنەوەی زمانی کوردی فراوانتر و ئازادتر بکەن، لە هەمان کاتیشدا دڵنیا بن لەوەی کە ئەو منداڵە کوردانە زمانی عەرەبیش فێر دەبن. یەکێک لەو شتانەی کە لە هەندێک ناوچەی کوردستانی عێراقدا نیگەرانی کردبووم ئەوە بوو کە منداڵانی گەنجی کوردی عێراق گەورە دەبوون و تەنیا زمانی کوردییان دەزانی، بە جۆرێک کە بە کردەیی نەیاندەتوانی بەناو عێراقدا گەشت بکەن، بچنە بەغدا و بە ئاسانی لەگەڵ هاووڵاتییانی دیکەدا پەیوەندی ببەستن. سەرەڕای ئەوەش، هەرێمێکی تەواو لە دەرەوەی ئەوە هەیە کە بە عەرەبی قسە دەکات. بۆیە تەنیا لە رووی ئامادەکردنی منداڵان بۆ داهاتوویان و بەهێزکردنی توانای کێبڕکێیان لە بازاڕدا، بۆ کار، زۆر مانای هەیە کە هەردوو زمانەکە بخوێندرێن. بەڵام بێگومان دەبێت رێگە بە رێبازێکی زۆر فراوان بدرێت بۆ منداڵانی کورد بۆ خوێندن بە کوردی لە تەمەنی زووەوە تاوەکو زانکۆ.
رووداو: ئەوەی ئێستا لە جورف نەسر روودەدات، تاوەکو چەند بەهۆی گوشاری ئەمریکاوەیە؟
باربارا لیف: بێگومان، ئیدارەکە هانی سەرۆکوەزیرانی داوە بە ئاراستەی بەکردەییکردنی ئەم هەوڵە بۆ هێنانی ئەم میلیشیایانە بۆ ژێر رێنمایی و کۆنترۆڵی حکومەت. دەبێت هەموو سوپاسی سەرۆکوەزیران زەیدی بکەین بۆ هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە بەڕاستی بوێرانەیە، چونکە ئەو بێیاسایی و تاوانکاری و گەندەڵییەی کە ئەم میلیشیایانە چەندین ساڵە تێوەی گلاون شێرپەنجەیە — جۆرێکە لە شێرپەنجە لەسەر ئابووریی عێراق و لەسەر عێراق بە شێوەیەکی گشتی. بۆیە، دەزانن، من هەمیشە تۆقیوم بەو راستییەی کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا شوێنێکیان بەڕێوەبردووە کە لە بنەڕەتدا ناوچەیەکی قەدەخەکراوە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق. ئەوان چەکیان هەیە کە رەنگە پێشکەوتووتر بن لەو چەکانەی خودی هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەیانە. ئەمە مایەی تووڕەییە. هیچ کەسێک بۆ ساتێکیش باوەڕ ناکات کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بەڕاستی شوێن رێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، یان خودی حکومەتی عێراق بکەوێت؛ بەڵکو شوێن ئاراستەی سیاسیی سەرکردەیەکی سیاسی لە دەرەوەی حکومەت و حکومەتێکی بیانی دەکەوێت، کە ئێرانە. بۆیە ئەمە ساتێکی بەڕاستی گرنگە بۆ عێراق بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی گێڕانەوەی سەروەریی تەواو. من تەنیا دەڵێم، بۆ چەندین ساڵ، ئەم میلیشیایانە برەویان بەم گێڕانەوەیە دەدا کە ئەوان لەوێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکان لەسەر سەروەریی عێراق لەلایەن حکومەتە بیانییەکان و سوپا بیانییەکانی وەک ئەمریکا یان هێزە رۆژئاواییەکانەوە، لە کاتێکدا لە راستیدا، لە هەموو ئەو ساڵانەی لە دوای 2008 ـەوە، هێزەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ناتۆ هەموویان لەسەر بانگهێشتی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و لەژێر چاودێریی وردی ئەواندا بۆ چالاکییەکانیان لەوێ بوون. ئێمە هەمیشە رێزمان لە سەروەریی عێراق گرتووە. ئەوە ئەم میلیشیایانەن کە بوونەتە هەڕەشە و ئاڵنگارییەکی بەردەوام بۆ سەر سەروەریی عێراق. بۆیە پێموایە ئەمە ساتێکی بەڕاستی یەکلاکەرەوەیە و تەنیا سەرەتای هەوڵێکی گەورەترە.
رووداو: ئایا جورف نەسر، شەڕی ئیرادە و هەژموونە لەنێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی عێراق؟
باربارا لیف: نەخێر! نەخێر! ئەمریکا چەندین کەناڵی کاریگەریی هەیە کە گونجاون و یاسایین و شەفافن. ئەو شێوەیەی ئێران لە عێراقدا کاری پێ دەکات بێڕێزییە بەرامبەر سەروەریی عێراق چونکە ئەم میلیشیایانە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئێرانەوە دامەزرێندراون، لەلایەن ئێرانەوە مەشقیان پێ کراوە، سەرچاوەی دارایی و چەکیان بۆ دابین کراوە.. ئەو جۆرە چەکانەی کە هیچ هێزێک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتدا نابێت هەیبێت. ئەوان بە رێنمایی ئێران کاریان کردووە. ئەوان هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتانی دۆست، ئەو وڵاتانەی دۆستی عێراقن. بۆیە ئەوان سیاسەتی بەرگری و دەرەوەی خۆیان بە رێنمایی ئێران بەڕێوەبردووە. بۆیە ئەمە بابەتی شەڕکردنی ئەمریکا نییە لەگەڵ ئێران لە جورف سەخر. بەڵکو بەغدایە کە سەروەریی عێراق بەسەر هەموو بستێکی وڵاتەکەدا دەسەپێنێت، وەک ئەوەی پێویستە بیکات.
رووداو: پێتوایە حکومەت عێراق کە دەسەڵاتەکەی لای هێزەکانی شیعەیە، هێز بەکاربێنێت، یاخود وەک رێککەوتنی ئێستا بەشێک لە هێزەکانی حکومەت و حەشد دەچێتە جورف نەسر و حیزبوڵڵاش دەمێنێتەوە ؟
باربارا لیف: پێموایە ئەمە ساتێکی بەڕاستی مەترسیدارە، رێک بەهۆی ئەو هەڕەشە قبووڵنەکراوانەی کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و سەرکردەکانی دەیکەن و ئەو مەترسییە راستەقینەیەی کە چەک دژی حکومەت هەڵبگرن. بەڵام ئەوە خۆی لە خۆیدا تەنیا ئەوە دەردەخات کە ئەو هەنگاوەی حکومەت دەینێت چەندە رەوا، چەندە شەرعی و چەندە گرنگە. حکومەت نایەوێت خوێنڕشتن رووبدات، بەڵام حکومەت هەموو مافێکی هەیە بڵێت هیچ میلیشیایەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمە نابێت کۆنترۆڵی پارچە زەوییەک بکات و چەکی هەبێت و شوێن رێنمایی حکومەتێکی بیانی بکەوێت. ئەمە مایەی تووڕەییە.
رووداو: هەندێک، لەوانە مایکڵ نایتس، دەڵێن ئەمەی روودەدات تەنیا نمایشە لەنێوان ئێران و ئەمریکا، تاوەکو هەردوولا بۆ نێوخۆی خۆیان بەکاریبێنن. بۆچوونی تۆ چییە؟
باربارا لیف: چەندین ئەکتەری جیاواز لەم رووداوەدا هەن و هەندێکیان ئەجێندایەکی زۆر روونیان هەیە بۆ نیشاندانی رووکەشی روودانی گۆڕانکاری لە کاتێکدا دڵنیا دەبنەوە لەوەی کە دۆخی هەنووکەیی بەردەوام دەبێت. ئەو دۆخە هەنووکەییە چییە؟ وەک باسمان کرد، ئەوەیە کە ئەم میلیشیایانە لە دەرەوەی یاسای عێراق کار دەکەن، لە دەرەوەی کۆنترۆڵی فەرماندەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کار دەکەن، لە دەرەوەی کۆنترۆڵ یان رێنمایی حکومەتی عێراق کار دەکەن. ئەوان وەک هێزێکی هاوتەریب کار دەکەن کە لە کۆتاییدا وەڵامی سەرکردە سیاسییەکانی خۆیان و حکومەتێکی بیانی دەدەنەوە. بۆیە ئەمە، ئەم هەوڵەی حکومەت، لە رۆژێک یان دوو رۆژدا ئەنجام نادرێت یان بەدەست نایەت، چونکە هەوڵی ژمارەیەک خەڵک دەبێت کە زۆر هاوئاهەنگن لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن خاوی بکەنەوە یان تەنیا رووکەشێک نیشان بدەن کە راستی نییە.
رووداو: ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت حیزبوڵڵا لە جورف نەسر دەربکات، پێتوایە بتوانێت تاوەکو نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو چەکی هەموو گرووپەکان کۆنترۆڵ بکات؟
باربارا لیف: ئێمە نازانین دوا مۆڵەتی سبەی چۆن دەبێت. نازانین لەنێوان ئێستا و مانگی حوزەیرانی داهاتوودا چی روودەدات، بێگومان ئەو ئاستەی کە ئێرانییەکان هەوڵ دەدەن ئەمە لە دەرەوەی ئاراستەی حکومەتی عێراق بەڕێوە ببەن. پێموایە دەتوانین پێشبینی بینینی دەستوەردانێکی زۆری ئێران بکەین. ئیسماعیل قائانی هاتە عێراق بۆ بەڕێوەبردن و نێوەندگیری. ئەمە گاڵتەجاڕییە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەزانن، نابێت هیچ پرسیار یان گومانێک هەبێت کە ئەمە رێگەیەکی دوورودرێژ و سەخت دەبێت، و ئەم میلیشیایە تەنیا یەکەمینە لە ژمارەیەک میلیشیا کە دەبێت لە رێگەی کۆمەڵێک ئامرازی جۆراوجۆرەوە گوشاریان بخرێتە سەر نەک تەنیا بۆ رادەستکردنی چەک، بەڵکو بۆ ئەوەی بەڕاستی بکەونە ژێر رێنمایی و کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراقەوە. ئەوان لەم کاتەدا لەژێر کۆنترۆڵ یان رێنمایی دەوڵەتی عێراقدا نین. بۆیە رەنگە ئەمە هەوڵێکی یەکەمی زۆر سەخت بێت. بەڵام من بە دڵنیاییەوە هیوادارم حکومەت بەردەوام بێت لە گوشارکردنی بێوچان — دووبارە، نەک لەبەرئەوەی واشنتن دەیەوێت بکرێت، بەڵکو لەبەرئەوەی گەلی عێراق بە جێگەی تووڕەیی دەزانێت کە ئەم تاوانبارە گەندەڵانە نەوت تاڵان دەکەن، سامانی عێراق تاڵان دەکەن، و شوێن رێنمایی خەڵکانێک لە دەرەوەی حکومەت و لە حکومەتێکی بیانیدا دەکەون.
رووداو: بەڕێز باربارا لیف، زۆر سوپاس کە میوانمان بوویت
باربارا لیف: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە بۆ قسەکردنەکەم لەگەڵ بینەرەکانتان. سوپاس.


