رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد دەڵێت، لە ماوەی حەوت مانگدا هەناردەیان 57 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، کە بەراورد بە پار 67٪ زیادیکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد ئەحمەدی لە لێدوانێکدا بۆ میدیا نێوخۆییەکانی ئێران رایگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵی کۆچییەوە تاوەکو کۆتایی مانگی یەکەمی پاییز، بایی 57 ملیۆن و 916 هەزار دۆلار کاڵای جۆراوجۆر بە هەزار و 131 بار لەم شارەوە هەناردە کراوە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، هەناردەکردن نزیکەی 67٪ زیادیکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە، پار لە هەمان ماوەدا بایی 34 ملیۆن و 562 هەزار دۆلار کاڵا لە گومرگی مهابادەوە هەناردە کرابوو.
ئەحمەد ئەحمەدی گوتی، بەرهەمە پێترۆکیمیاوییەکان و مافوور زۆرترین هەناردەی شارەکەیە.
بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد هۆکاری ئەم بازدانە ئابوورییەی بۆ زیاتربوونی هەناردەی کارگەی پێترۆکیمیایی شارەکە گەڕاندەوە و گوتی: "ئەمساڵ بەرهەمەکانی پێترۆکیمیایی مهاباد راستەوخۆ لە گومرگی شارەکەوە هەناردە دەکرێن، لەکاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا لەرێگەی گومرگەکانی دیکەوە هەناردە دەکران."
بەگوتەی ئەحمەد ئەحمەدی، لەو ماوەیەدا 105 دۆسیەی تایبەت بە کاڵای قاچاخ تۆمارکراون و بایی زیاتر لە 24 ملیار تمەن (نزیکەی 89 هەزار دۆلار) کەلوپەلی قاچاخ لە گومرگەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە، کە بەراورد بە پار 12٪ زیادیکردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەیان کەرەستەی ناوماڵ، چەندین جۆری مۆبایل و جگەرە بوون.
بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد ئاماژە بە کەمبوونەوەی گەشتە دەرەکییەکان بە ئۆتۆمبێلی نێوخۆیی دەکات و دەڵێت، لەم ماوەیەدا هەزار و 117 مۆڵەتی چوونە دەرەوەی کاتی بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەرکراوە، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 16٪ کەمیکردووە.
مهاباد شارێکی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و گومرگی شارەکە یەکێک لەو نۆ گومرگانەیە کە لە پارێزگاکەدا چالاکن.



