رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایدەگەیێنێت، لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا 260 کەس لەو پارێزگایەدا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیحسان کەرەمزادە، جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە لە حەوتەمین کۆبوونەوەی لیژنەی سەلامەتیی رێگەوبانەکانی پارێزگاکەدا ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ئاشکرا کرد و گوتی: "لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا 226 رووداوی هاتووچۆ لە رێگەکانی دەرەوەی شار و گوندەکانی پارێزگای لوڕستان تۆمارکراون، کە گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە و بەراورد بە هەمان ماوەی پار 7٪ کەمیکردووە."
بەگوتەی جێگری پارێزگاری لوڕستان، لەو رووداوانەدا 260 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ئەمەش بەراورد بە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو 5٪ کەمیکردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە شەش هەزار کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە لەو پارێزگایەدا بریندار بوون.
ئیحسان کەرەمزادە نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە رووداوەکانی گیانلەدەستدان لەسەر رێگەی گوندەکان زیادیان کردووە و گوتی: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگاکە بە هاوکاریی پۆلیسی هاتووچۆ دەبێت رێگەی سەرجەم گوندەکانی پارێزگاکە لەرووی سەلامەتییەوە پۆلێن بکەن و پێداویستییە داراییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی ئەو رێگەیانە دیاری بکەن، تاوەکو لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکەدا بڕیاریان لەسەر بدرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری پارێزگاری لوڕستان باسی لە پێداچوونەوە بە دۆخی سەلامەتیی رێگەی (خوڕەمئاوا - ئەلشتەر) کرد و گوتی، دەبێت دۆخی ئەم رێگەیە لە سنووری تەنگی شەبیخوون و روبات نەمەکی بە شێوەیەکی پسپۆڕانە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و پلانی چاکسازی بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکە ئامادە بکرێت.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەزاران کەس بەهۆی خراپیی رێگەوبانەکان، کۆنی و کوالێتیی خراپی ئۆتۆمبێلەکان و تیژڕۆیی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن.
بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکیی دادی ئێران، لە 21ـی ئاداری 2025 تاوەکو 21ـی ئاداری 2026، 19 هەزار و 540 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە.



