رووداو دیجیتاڵ
لە وان-ی باکووری کوردستان، 15یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار کرایەوە. 92 کۆمپانیا لە 5 وڵات و هەرێمی جیاوازەوە بەشدارن، لەوانە هەرێمی کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران، ئەرمینیا، جۆرجیا و قوبرس.
رێکخەرانی پێشانگەکە رەخنە لە بەرپرسانی حکومی و پارتە سیاسییەکان دەگرن کە بەشدارییان لە کردنەوەی پێشانگەکەدا نەکردووە و گلەیی لە کەمیی گەشتی ئاسمانی بۆ شارەکە دەکەن.
پێشانگەکە، لە ناوەندی پێشانگە و کۆنگرەکانی وان ئێکسپۆ بەڕێوەدەچێت و لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا و بە پاڵپشتیی چەندین رێکخراوی دیکەی وەک یەکێتیی ئاژانسەکانی گەشتیاریی تورکیا (TÜRSAB) و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان رێکخراوە.
بەرپرسە سیاسییەکان ئامادە نەبوون
جەودەت ئۆزگۆکچە، سەرۆکی نوێنەرایەتیی هەرێمی رۆژهەڵاتی ئانادۆڵوی TÜRSAB، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەوە نیگەرانە کە نوێنەرە سیاسییەکانی وان بەشداریی کردنەوەی پێشانگەکەیان نەکردووە.
ئۆزگۆکچە، رەخنەی لە پارێزگاری وان، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و پەرلەمانتارانی پارتی دەسەڵاتدار گرت و گوتی: "ئەمڕۆ 15یەمین پێشانگەمان کردەوە، بەڵام بەداخەوە لە ئاستی پێویستدا نەبوو. چاومان لەوەبوو پارێزگاری وان و بەرپرسانی دیکە لێرە بن. ئایا چی لەمە گرنگترە بۆ داهاتوو و گەشەپێدانی گەشتیاریی وان؟ پێویست بوو کەسایەتییە سیاسییەکان لێرە ئامادە بن."
کەمیی گەشتی ئاسمانی کێشەیەکی گەورەیە
ئۆزگۆکچە، ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی گەورەیان لە کەرتی گەشتیاریدا کەمیی گەشتی ئاسمانییە و گوتی: "پێش پەتای کۆرۆنا رۆژانە 23-24 فڕۆکەمان هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەم ژمارەیە بۆ 9-10 فڕۆکە دابەزیوە. ئەم ژمارەیە بەشی خەڵکی وانیش ناکات. ژمارەی دانیشتووانی وان نزیکەی 2 ملیۆن کەسە و رۆژانە بەهۆی هاتووچۆوە دەگاتە 3 ملیۆن. میوانێکی زۆریشمان لە ئێرانەوە دێت، بەڵام گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانیش راگیراون."
پێشانگەکە کولتووریشە
نەسلیهان شەداڵ، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان کە قەیوومی لە شوێن دانراوە، بە رووداوی راگەیاند، بەشداریکردن لە پێشانگەکەدا بەهێزە و گوتی: "ئامانجی ئەم پێشانگەیە تەنیا بەرزکردنەوەی توانای گەشتوگوزاریی نییە لە رووی ئابوورییەوە، بەڵکو ئامانجێکی دیکەی ئەوەیە کە کولتوورە جیاوازەکان لە ناوچە جیاوازەکانەوە پشتگیریی یەکدی بکەن و دەوڵەمەندییەکانیان گەورە بکەن."
شەداڵ، ئاماژەی بەوەشکرد، لە قۆناخێکی گرنگدان و گوتی: "ئەم قۆناخە، قۆناخی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە. ئاشتیش ئەوەیە کە خەڵکانی خاوەن ناسنامە، باوەڕ، کولتوور و بەهای کۆمەڵایەتیی جیاواز، پێکەوە بە ئاشتی بژین."
لە پێشانگەکەدا، جگە لە ناساندنی کولتوور و گەشتوگوزاری، کەرتی گەشتوگوزاری تەندروستیش ناسێندرا. نەخۆشخانەی تایبەتی ئاکدامار رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە نەخۆش لە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەسەر روو لە وان بکەن.
پێشانگەکە تاوەکو 21ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.



