رووداو دیجیتاڵ ناڕەزایەیی خوێندکارانی زانکۆی رۆژئاوا لە دژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی زانکۆکەیان و لکاندنی بە زانکۆی فوراتەوە بەردەوامە. لە گرژییەکانی ئەم دواییەدا 25 قوتابی بریندار بوون. لایەنە کوردییەکانیش پشتگیریی خۆیان بۆ داواکاریی خوێندکاران رادەگەیێنن و سەرکۆنەی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان دەکەن. ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی رۆژئاوا سەبارەت بە چارەنووسی زانکۆکەیان بەردەوامە. کاژیان محەممەد، یەکێکە لەو 25 قوتابییەی کە لە گرژییەکانی ئەم دواییەدا و لە کاتی خۆپێشاندانێکدا دژی سەردانی شاندێکی حکومەتی سووریا بۆ زانکۆکە، بریندار بوو. کاژیان محەممەد، کە خوێندکاری زانکۆکەیە، لەبارەی داواکارییەکانیانەوە دەڵێت: «ئێمە 25 کەس بووین کە بریندار بووین؛ داواکارییەکانمان ئەوەیە دەمانەوێت زانکۆکەمان لێرە بمێنێتەوە و نەبێتە زانکۆی فورات. نامانەوێت بچینە شام و دێرەزوور، دەمانەوێت لێرە بین و ناوەکەشی نەگۆڕدرێت؛ با ناوی رۆژئاوا بمێنێت و بە زمانی کوردیش بێت». بەپێی بڕیاری ژمارە 69ـی وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا، کە لە 18ـی مانگی 10ـی ئەمساڵ دەرچووە و لە 28ـی هەمان مانگ راگەیێندراوە، زانکۆی رۆژئاوا نامێنێت و دەخرێتە سەر زانکۆی فورات. لەو کاتەوە خۆپێشاندانی خوێندکاران بەردەوامە. بەشێک لە پارتە کوردییەکانیش پشتگیریی خۆیان بۆ قوتابییان نیشان دەدەن و دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان لەنێو زانکۆکەدا سەرکۆنە دەکەن. نارین مەتینی، کە سیاسەتڤانێکی رۆژئاوای کوردستانە، لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات: «ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین شام بە بڕیاری تاکلایەنە تایبەتمەندیی کارگێڕی و کولتووریی ناوچە کوردییەکان لەنێو ببات، و بە زۆرەملێ دامەزراوەکانمان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. دەبێت هەموو دەستێوەردانێکی ئەمنی لەنێو قوتابییاندا رابگیرێت و ئەو کەسانەش سزا بدرێن کە هێرشیان کردووە». زانکۆی رۆژئاوا لە ساڵی 2016 لە قامیشلۆ کرایەوە و یەکەمین زانکۆی کوردی بوو لە ناوچەکە. هەرچەندە حکومەتی سووریا دانی بە بڕوانامەی دەرچووانی زانکۆکەدا ناوە و ئەوانەشی ئێستا دەخوێنن لە خوێندنەکەیان بەردەوام دەبن، بەڵام بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە نوێیە، چیتر هیچ زانکۆیەک بە ناوی "رۆژئاوا"ـوە نامێنێت.
کوردستان17-11-2026وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا بۆ رووداو: کشانەوەی سوپاکەمان لە عێراق هاوکارییەکانمان ناوەستێنێت