رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندێکی سنووری قەزای کەلار، بەرازێک پەلاماری هاونیشتمانییەکی بەناوی عوسمان محەممەد عەلی لەدایکبوی 1973دا و بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا؛ تەرمی ئەو هاونیشتمانییەش گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەرازێکی کێوی پەلاماری هاونیشتمانییەکی دا و بەهۆی سەختیی ئەو برینانەی پێیگەیشتبوو، گیانی لەدەستدا.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، سەبارەت بە رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: «ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی هاووڵاتییەک گەیێندرایە نەخۆشخانەکەمان، کە بەهۆی هێرش و پەلاماری بەرازەوە گیانی لەدەستدابوو».
سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکەش، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هاونیشتمانییە تەمەنی 53 ساڵە و دانیشتووی گوندی سەید مستەفایە لە سنووری قەزای کەلار.



