رووداو دیجیتاڵ
ریم رادۆڤان، وەزیری هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەڵمانیا لە عێراق بە مانای پاشەکشەی وڵاتەکەی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق نایەت، بەڵکو بەرلین خوازیاری بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووری و بەردەوامیدانە بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی دوای شەڕی داعش لە ناوچەکانی وەک شنگال و موسڵ.
رۆژی سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی روونە بۆ بەردەوامیی دۆستایەتیی نێوانیان و گوتی، "کشانەوەی سوپای ئەڵمانیا لەسەر داخوازیی حکومەتی عێراق بوو، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە شێوازی هاوکاریکردنمان دەگۆڕین، بە پێچەوانەوە دەمانەوێ هاریکاریمان بەهێزتر بکەین. وەزارەتەکەمان لە ساڵان و دەیەکانی رابردوودا لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی دوای تیرۆری داعشدا پاڵپشتییەکی زۆری لەم ناوچەیە کردووە، بەتایبەتی لە موسڵ و شنگال و دەمانەوێ بۆ داهاتووش لەسەر ئەم بنەمایە کار بکەین."
سەبارەت بە رۆڵی ئەڵمانیا لە نێوەندگیریی نێوان هەولێر و بەغدا لە دۆسیەکانی وەک بەڕێوەبردنی ئاو و ئاوەدانکردنەوە، رادۆڤان جەختی لە بێلایەنیی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی، "ئێمە لەگەڵ هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەین؛ بێگومان هیوای هاوئاهەنگیی باش لەنێوان خۆیان دەخوازین، بەڵام ئەمانە پرسی نێوخۆیین و ئێمە وەک ئەڵمانیا تێیدا بێلایەنین."
ریم رادۆڤانی تەمەن 35 ساڵ، سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیایە. رادۆڤان بە رەچەڵەک عێراقی و کریستیانی ئاشوورییە، لە شاری مۆسکۆ لەدایکبووە و لە تەمەنی شەش ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی چوونەتە ئەڵمانیا.
ریم لە بەرلین زانستە سیاسییەکانی خوێندووە و سەرەتا لە هەمان ئەو کەمپەی پەنابەران لە شاری شڤێرین کاری کردووە کە لە منداڵیدا تێیدا ژیاوە.
ئەو خانمە وەزیرە لە ساڵی 2021 بووە ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندێستاگ) و دواتریش پۆستی کۆمیسیاری باڵای حکومەتی فیدراڵیی بۆ کاروباری کۆچ، پەنابەران و تێکەڵکردن وەرگرت.
رادۆڤان بە زمانەکانی ئەڵمانی، عەرەبی و ئاشووری دەدوێ و ژیانی هاوژینی لەگەڵ دینیس رادۆڤان، یاریزانی بۆکسێنی پیشەگەر پێکهێناوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
وەزیری هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا: زۆر دڵخۆشکەرە کە وەک وەزیرێکی ئەڵمانی لێرە لە هەولێرم، لە هەرێمی کوردستان. گفتوگۆی زۆر باشمان ئەنجام دا و بە راستی دەمەوێ هاریکاریی نێوان ئەڵمانیا، عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەم. لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتیش دیدار و کۆبوونەوەی زۆر باشم هەبوو؛ گەشبینم بەوەی لە داهاتوودا بتوانین لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندییەکانمان زیاتر بەرەوپێش ببەین.
رووداو: سوپای ئەڵمانیا لە عێراق کشایەوە، بەڵام ئێوە گوتتان کە ئەڵمانیا لە عێراق ناکشێتەوە. مانای ئەم قسەیە چییە؟
ریم رادۆڤان، وەزیری هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی فیدراڵیی ئەڵمانیا: ئەم سەردانەی منیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کشانەوەی سوپای ئەڵمانیا لەسەر داخوازیی حکومەتی عێراق، بەو مانایە نییە کە ئێمە دەمانەوێ شێوازی هاریکاریکردنمان بگۆڕین. بە پێچەوانەوە: ئێمە دەمانەوێ هاریکاریمان بەهێزتر بکەین. ئێمە بەتایبەتی وەک وەزارەتی گەشەپێدان لە ساڵان و دەیەکانی رابردوودا لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی دوای تیرۆری داعشدا پاڵپشتییەکی زۆرمان لەم ناوچەیە کردووە، بۆ نموونە لە موسڵ و ناوچەی شنگال. دەشمەوێ بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوو لەسەر ئەم بنەمایە کار بکەین و هاوئاهەنگیی ئابووریش بەهێزتر بکەین.
رووداو: ئایا ئەڵمانیا دەتوانێت هاوکار بێت لەوەی بەغدا و هەولێر لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو و ئاوەدانکردنەوەدا پێکەوە کاربکەن، نەوەک بە شێوازێکی جیاواز؟
وەزیری هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا: ئێمە بە گشتی هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق دەکەین؛ چ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بێت و چ لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئێرە. بێگومان ئێمە هیوای هاوئاهەنگیی باش لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان دەخوازین و لە سەرووی هەمووشیانەوە هیوادارین لەنێوان خۆیاندا هاوئاهەنگییەکی باش هەبێت؛ بەڵام ئەمانە پرسی نێوخۆیین و ئێمە لەم بابەتەدا بێلایەنین. بە گشتی مەبەستی ئێمە ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا، عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق فراوانتر بکرێن، بەتایبەتی بۆ داهاتوو.


