رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە رێگەی کەسێکی نزیکەوە بە ناوی سەرۆک مەسعود بارزانییەوە پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانییەوە کراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ئاستی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا کۆبوونەوە بکرێت. دەشڵێت، سەرۆک بارزانی دەتوانێت رێگری لە دوولەتبوونی هەرێمی کوردستان بکات.
محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەمڕۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە بۆڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی کرد، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی حیزبەکەی لەگەڵ شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خستەڕوو و گوتی: "کاک بافڵ نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی دروستبوو و دەرهاویشتەکانی پاش کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نیشان دا."
سەبارەت بە هەوڵەکانی نێوەندگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکان، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوە دا کە کلیل و چارەسەری سەرەکی لای پارتی دیموکراتی کوردستانە و رایگەیاند: "خۆشبەختانە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەناوی کاک مەسعودەوە بۆ کاک بافڵ کراوە و چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا رووبدات. بەپێی زانیارییەکانی من، بەرپرسێکی باڵای پارتی کە نزیکە لە کاک مەسعودەوە ئەو پەیوەندییەی کردووە."
لەبارەی دەنگۆی دوو ئیدارەیی یان لامەرکەزیی ئیدارەکان، محەممەد حەکیم هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەریی روونکردەوە و گوتی: "ئێمە لەگەڵ یەک هەرێمین، بەڵام هەر ئیدارەیەک لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی پارێزگاکانی هەرێم بێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین؛ چی لە بەرژەوەندیی خەڵکدایە ئەوە بکرێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ پرۆژە و پێشنیازێکی فەرمی لەبارەی دووئیدارەیییەوە نەهاتووەتە بەردەستمان."
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بە هەنگاوەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ لە بەغدا کرد و گوتی، جووڵەکانیان ئاراستە کراوە بەرەو جێگیرکردنی سیستەمێکی جیاواز لە رووی بودجە و مووچەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە بە ئیدارەی جیا ناویان دەبەن.
سەبارەت بە رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانیش لەم قۆناخە هەستیارەدا، محەممەد حەکیم گوتی: "پێموایە جەنابی کاک مەسعود دەتوانێت رۆڵی گەورە ببینێت؛ هیچ کوردێکی ژیر پێی خۆش نییە هەرێمەکەمان دوو لەت بێت یان دوو حکومەتی هەبێت. هەموو چاوەڕوانییەکان لەسەر ئەوەن کە کاک مەسعود، وەک کەسی یەکەم لە کوردستان، رێگری لەم دابەشبوونە بکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، ویستوویەتی بەشداری لە کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و عەلی باپیر بکات و رێگری لێکرابێت و گوتی: "ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە؛ کاک شاڵاو، بەرپرسی نووسینگەی کاک بافڵ پەیوەندیی کرد و گوتی کاک بافڵ پێخۆشە مامۆستا عەلی باپیر ببینێت، باسی کەسێکی دیکە نەکراوە."
محەممەد حەکیم سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنەکاندا رایگەیاند کە نەوەی نوێ ئێستا ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەڵکو حیزبێکە هاوپەیمانیی لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە و لەسەر هەڵوێستی خۆی ئازادە.


