رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، پێشبینیی دەکرا 30 ملم باران لە هەولێر ببارێت، بەڵام بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان تەنیا لە دوو کاژێری ئێوارەدا نزیکەی 80 ملم باران باریوە و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی درووستبوونی لافاوەکە بوو.
ئەمرۆ یەکشەممە 08ی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر بارانبارین لە هەولێر بە شێوەی پچڕپچڕ بوو ئەگەر لافاویش دروست ببوایە لە چەند شوێنێک دروست دەبوو، بەڵام لافاوەکەی شەوی رابردوو زۆربەی شوێنەکانی هەولێری گرتەوە، ئەمەیش وای کرد زیانێکی گیانی و دارایی زۆر بەر هاونیشتمانییان بکەوێت."
سەبارەت بەو شوێنانەی زۆرترین لافاوی تێدا دروست بوو، ئومێد خۆشناو گوتی: "بەشی زۆری لافاوەکە بە ئاڕاستەی رۆژهەڵاتی هەولێر و لە نزیک شەقامی 150 مەتری بوو، لەوێوە ئاوێکی زۆر هاتووەتە ناو شاری هەولێر."
لە بارەی زیانەکانەوە، پارێزگاری هەولێر روونی کردەوە، "سەرجەم ئەو تیمانەی ئێستا لەسەر شەقامەکان کاری سەرەتایی دەکەن، ئەوەی گرنگە سەلامەتیی هاونیشتمانییانی شارەکەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە زیانێکی زۆر بە ماڵ و دووکان و شوێنی کاری هاونیشتمانییان کەوتووە و سەدان ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتوون."
بەپێی قسەی بەرپرسانی هەولێر "تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی دوو کەس لە لافاوەکەدا پشتڕاست کراوەتەوە و چەند کەسێکیش هێشتا بێسەروشوێنن."
"ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە، پیاوێکی 25 ساڵانە بەناوی محەممەد رەسووڵ لەگەڵ منداڵێکی 5 ساڵان بەناوی مستەفا سەرکەوت."
لە وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو، کە داوای هاوکاری لە شارەکانی دیکە دەکەن؟ ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد، "سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە پشتیوانیی خۆیان دەربڕیوە، ئێستا تیمەکانمان بە گوێرەی تواناکانی خۆیان سەرقاڵی کارەکانن، هەر کاتێکیش پێویست بکات داوای هاوکاری لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەر شەش شارەوانییەکەی پارێزگای هەولێر و سەرجەم تیمە خزمەتگوازرییەکان لە بەیانی ئەمڕۆوە دەست دەکەن بە پاکردنەوەی شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان."
لە بارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو هاونیشتمانییانەی زیانیان بەرکەوتووە، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "بە داخەوە لە رابردووشدا حکومەتی عێراق هاوکارمان نەبووە لە قەرەبووکردنەوە زیانلێکەوتووان و بودجەی فریاکەوتنی شارەکانی هەرێمی کوردستان بڕیوە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێت بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووان."



.jpeg&w=3840&q=75)